رووداو دیجیتاڵ
ماجد 16 ساڵە کاری وەگەڕخستنی موەلیدەیە. رۆژانە 14 بۆ 15 کاژێر بە موەلیدەکەی کارەبا بە دانیشتووانی ئەم گەڕەکێکی رەحمانییەی بەغدا دەدات. دەڵێ تا دێ رەوشی کارەبا بەرەو خراپتر دەچێت.
ماجد سلێمان، کارپێکەری موەلیدە دەڵێت: "جاری وا هەیە چوار کاژێر بەسەر یەکەوە کارەبای نیشتمانی نییە، تۆ بیژمێرە لە کاژێر 6:00ی بەیانی تا 12:00ی شەو چەند جار کارەبای نیشتمانی دەکوژێتەوە، موەلیدەکان زیاتر لە کارەبای نیشتمانی کاردەکەن، لە هەموو شوێنەکان وایە بەتایبەتی لێرە لە رەحمانییە.
گرانبوونی گاز لەلایەن حکومەتەوە نرخی ئەمپێری موەلیدەی زیادکردووە، ئەگەر جاران نرخی ئەمپێرێک 10 تا 12 هەزار دینار بوایە، ئێستا بەپێی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە نێوان 11 بۆ 15 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
مەجید موسەوی، شوفێری تاکسی دەڵێت: "هیچ نرخێکی دیاریکراو نییە لەلایەن خاون موەلیدەکان، کەسی وا هەیە 12 هەزار یان 13 هەزار [دینار] وەردەگرێت، هەشە 15 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوەی 15 هەزاریش وەردەگرێت مافی خۆیەتی چونکە نرخی گاز زۆر بەرزبووەتەوە."
مەکی محەممەد، دووکاندارە و دەڵێت: "کێشەکە گازە. ئێستا ئەگەر کارەبای نیشتمانیش باش بێت، بەڵام گاز بە یەک ملیۆن دینارە، وزە گرانبووە. دابەشکردن هەیە، بەڵام گاز لەلایەن دەوڵەتەوە گرانکراوە."
پێشتر خاون موەلیدەکان بۆ 1000 لیتر گاز 250 هەزاریان دەدایە وەزارەتی نەوت، بەڵام ئێستا دەبێت 400 هەزار دینار بدەن.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کاژێرانەی کە کارەبای نیشتمانی نییە لە عێراق موەلیدە ئەهلییەکان کاری پێدەکرێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گاز هەر ئەمپێرێکی موەلیدە زیاتر لە 1000 هەزار دیناری هاتووەتەسەر، زیاتر کارپێکردنی کاژێرەکانی موەلیدە، نرخی ئەمپێرەکانیش بەرزدەکاتەوە.
لە بەغدا بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە 11 هەزار دینار دانراوە. وەزارەتی کارەبا دەڵێت بەدواداچوون بۆ ئەو خاوەن موەلیدانە دەکەن کە پارەی زیاتر وەردەگرن.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "لیژنەێک بە فەرمانی دیوانی پێکهێنراوە و وزارەتی کارەبا ئەندامە لەو لیژنەیە، کاری رێکخستنی کاری موەلیدەکانە، ئەویش بە هاوئاهەنگیی پارێزگاکانە بۆ کاژێرەکانی کارپێکردنی موەلیدە لەگەڵ کارەبای نیشتیمانی. هەروەها ئەو سەرپێچیانەی بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان دەیکەن هەم لە نرخی ئەمپێر و هەمیش لەشوێنی قەدەخەکراو ئەمانە رێکدەخرێنەوە، دواتر راپۆرتێک ئامادە دەکرێت لەلایەن پارێزگارەکانەوە بۆ چۆنیەتی زیادکردنی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا."
لە ماوەی 21 ساڵی رابردوو و خەرجکردنی زیاتر لە 80 ملیار دۆلار لەکەرتی کارەبا، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کارەبای 24 کاژێری بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات، لە 24 کاژێر رۆژانە نزیکەی 15 کاژێر کارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکانەوە بە هاووڵاتییان دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ