مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن خانەنشینی عێراق زیاد دەکرێت

25-10-2023
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن خانەنشین لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سوودمەند دەبن، کە بڕیاری دا 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانە زیاد بکات کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
 
رۆژی چوارشەممە 25ی ئۆکتۆبەر ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ملیۆنێک و 42 هەزار و 932 خانەنشین سوودمەند دەبن."
 
رۆژی سێشەممە 24ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و لەنێویاندا زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، مانگانە 164 مليار و 293 مليۆن دينار بۆ خەرجییەکانی حکومەت زیاد دەکات، گەنجینەی گشتی 110 ملیار و 891 ملیۆن دینار لەئەستۆ دەگرێت و سندووقی خانەنشینیی گشتی پارەکەی دیکە، کە دەکاتە 53 ملیار و 401 ملیۆن و 500 هەزار دینار، لەئەستۆ دەگرێت.
 
لە شوباتی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی لەبارەی خانەنشینانەوە لە عێراق دەرکرد، لەوانە دابینکردنی پارچەیەک زەوی بۆ ئەوانەی سوودمەند نەبوون و خەرجکردنی بڕی 500 هەزار دینار لە رۆژی دەست لەکارهەڵگرتنی فەرمانبەر لەدوای خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوەی مۆڵەتە کەڵەکەبووە وەرنەگیراوەکان لەدوای خانەنشینبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە