گۆڕانکاری کەشوهەوا مەترسی لەسەر دانیشتووانی گوندەکانی پارێزگای دیوانیە دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکاریی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بەشێک لە گوندەکانی پارێزگای دیوانیە لە خوارووی عێراق دروست کردووە بە تایبەت لە رووی تەندروستییەوە، وەکو دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، چەندین نەخۆشی رووی لە ناوچەکەیان کردووە. 
 
نەجاح فەرحان، جووتیارێکە لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای دیوانییە دەڵێت، "ئەمە نەخۆشی پێستی هەیە کە بە سورێژەی بەغدا ناسراوە، براکەشی تووشی زەردوویی بووە، هەروەها کێشەی بینینی هەیە."
 
عەبد عەلی سوڵتان، دانیشتووی پارێزگای دیوانیەیە، لەبارەی دۆخی ناوچەکەیانەوە گوتی، "گرفتارین بەدەست کەمئاوییەوە و ئاو نییە، پشت بە بیرەکان دەبەستین، ئەوانیش ئاوەکەیان سوێرە؛ نەخۆشی پێست بڵاوبووەتەوە. منداڵەکانمان هەمووی نەخۆشی پێستیان هەیە."
 
تیمەکانی تەندروستی چوونەتە ناوچەکە. نەخۆشەکان چارەسەر دەکەن و رێنمایی تەندروستیان پێ دەدەن. 
 
رەغدە ئیحسان، پزیشکێکە لەگەڵ ئەو تیمەدا چووەتە ناوچەکە و دەڵێت، "بەپێی دۆخیان چارەسەرمان پێداون، بەربڵاوترین نەخۆشی هەوکردنی گەدەیە؛ نەخۆشی پێستیان هەیە، ئەوەش لە ئەنجامی پیسی ئاوەکەیە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ دووەم وشکەساڵترین ساڵ بووە لە 40 ساڵی رابردوودا؛ ئاوی بەردراوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ نێو عێراق 40٪ کەمی کردووە. هاوکات بەرپرسانی دیکەش هۆشداری دەدەن لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە. 
 
ئەحمەد مەحموود، یاریدەدەری بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی ژینگە، رایگەیاند، کەمی ئاو و وشکەساڵی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر زیندەوەر و رووەکەکان. ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک سکچوون و تای خوێنبەربوون؛ هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا."
 
بۆ چارەسەری دۆخەکە و وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی بەبیانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق بەنیازە پێنج ملیۆن نەمام بچێنێت.