گوتەبێژی کازمی: زانیاریمان لەبارەی بکوژانی هیشام هاشمی دەستکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، زانیاریی تایبەت بە بکوژانی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری ستراتیژی و ئەمنیی عێراقیان دەستکەوتووە.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەم، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیجی فەیسبووکی تایبەتی خۆی رایگەیاند، زانیاریی تایبەت بە کوژرانی هیشام هاشمییان دەستکەوتووە، بەڵام نابێت لێدوانی لەسەر بدرێت، بەمەبەستی پاراستنی، بە نهێنی مانەوە و بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان.
 
سەرەتای ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی فەرمیی عێراقی، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بكوژانی هیشام هاشمی بەردەوامە، سەرەداوی گرنگیشمان لەوبارەیەوە دەستكەوتووە و چاوەڕێین لەكاتی گونجاودا رایبگەیێنین".
 
كازمی راشیگەیاند "پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بە هاشمی، بەڵكو پەیوەستە بە سەرجەم كوژراوان و رفێندراوان، هەرچەند دواش بكەوێت، بەڵام بكوژان لە سزادان دەربازیان نابێت".
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6ی تەممووز، هیشام هاشمی، شارەزا لە كاروباری گرووپە چەكدارەكان لەبەردەم ماڵی خۆی لە ناوچەی زەیونە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا تیرۆرکرا.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ئەوكات لە كامێراكانی چاودێری بینراون، سێ چەكدار بە ماتۆڕسكیل دەستڕێژی گولـلە لە هاشمی دەكەن و تیرۆری دەكەن.
 
لەدوای تیرۆرکردنی هاشمی و بەرزبوونەوەی ئەو دەنگانەی داوا دەکەن چیدی رووداوەکانی کوشتن بە بێدەنگی تێنەپەڕن، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی کوشتنی راگەیاند.
 
ئەنجوومەنەکە لە بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی لە رۆژی 7/7/2020 بڕیاردرا بە دروستکردنی دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە سێ دادوەر و داواکارێکی گشتی، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن لە بەغدا و سەرجەم شارەکانی دیکەی عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا.