لە هەندێک گوندی کوردنشینی سنووری کەرکووک عەرەب بوونەتە زۆرینە


رووداو دیجیتاڵ

سەدان عەرەب بە کاری شوانی چوونەتە سنووری کەرکووک و چەندین ساڵە لەوێ دەمێننەوە. خۆیان ناونووس کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە سەرژمێری دا بکەن. لە هەندێک گوندی سنووری کەرکووک، ئەوان بوونەتە زۆرینە.
 
حەواز سەعدوون خەڵکی ئەنبارە، لەگەڵ هاوژین و چوار برای دیکەی پێنج ساڵە لە گوندی زەردکی سنووری پردێ دەمێننەوە. ئەوان و 21 خێزانی دیکەی عەرەبی نیشتەجێی گوندەکە، خۆیان ناونووس کردووە و لە سەرژمێری بەشداری دەکەن.
 
حەواز سەعدوون بە رووداوی گوت: "ئێمە لە سنووری ئەنبارەوە هاتووین، 22 ماڵین هاتووینەتە ئێرە، سوودمەندبووینە، هەندێکمان مەڕ و بەرانمان هەیە و کێڵگەمان هەیە رۆژانە ئیشی تێدا دەکەین، ناومان نووسیوە، بەڵام ئەوەی تازە هاتووە نەینووسیوە، کۆنەکان نووسیویانە".
 
پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دەستی پێکردووە، لە هەندێک لە گوندەکان پرۆسەکە تەواو بووە و سیستمەکە داخراوە.
 
لە رۆژانی سەرەتای ئەو پرۆسەیەدا لە گوندی زەردک کە ناوچەیەکی تەواو کوردییە، لە بەرامبەر بوونی 22 ماڵی شوانکاری عەرەب چەند ماڵێکی کەمی کورد تۆمارکراون.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییانی گوندەکە کە چەندین ساڵە ئاوارەن، گەڕاونەتەوە و دەیانەوێ لەسەر خاک و زەویی خۆیان ناویان تۆمار بکرێت و بەشداری لە سەرژمێری بکەن.
 
نادر محەممەد، خەڵکی گوندی زەردک دەڵێت: "ئەمە مەترسییە، بۆیە داوا لە خەڵکی ئەم سنوورەی بیبانی و ساڵەیی و ئەم گوندانە دەکەم بێنەوە بۆ ئێرە و ناوی خۆیان بنووسن، چونکە خەڵکێکی زۆر جگە لە کورد هاتوونەتە سنوورەکە، بە بیانووی داعش و شتی دیکەوە".
 
سەباح محەممەد، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و باسی لەوە کرد: "خەڵکی رەسەنی ئەم سنوورەین و ئێمە لە1957 سەرژمێریمان لەم گوندە بووە، داوا لە خەڵکی گوندەکان و کەرکووکیش دەکەم ئەوانەی لە شارەکانی کوردستانن یان لە دەرەوەی کوردستانن تاوەکو دەتوانن بێنەوە لێرە ناوتان بنووسن".
 
لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ئەگەرچی پرۆسەی تەعریب و داگیرکاری لە سنووری ئەو گوندانە رووینەداوە، بەڵام خەریکە ژمارەی عەرەبی شوانکار بەڕێژەیەکی نائاسایی بەرزدەبێتەوە و لە هەندێک گوند، ئەوان لە خەڵکی رەسەنی گوندەکان زیاترن.