لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دۆسیەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێرە و ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات. شاندەکە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە داهات، خەرجی، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوت تاوتوێ دەکات.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 25-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
هەر لەو بارەیەوە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات کە پەیوەستن بە داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و رادەی پابەندبوون بە بەندەکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانی (2023- 2025).
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، شاندەکە گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەشێوەیەک داهاتی دەوڵەت بەهێزبکات، بەتایبەتی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
هاوکات شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدایە و لیستی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی لەگەڵ خۆی بردووە. جەمال کۆچەر دەڵێت، لیستەکە بە جۆرێک ئامادەکراوە کە سەرنج و تێبنییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رەچاوکراوە.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە 23-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە مانگی دوو تاوەکو مانگی هەشت، بەغدا 815 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی بە چەند بیانووێک بڕی، لەوانە نەبوونی بایۆمەتری، ناوی دووبارە و دوو مووچەیی.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو شاندە تەکنیکییە کە چووەتە بەغدا هەموو سەرنج و تێبنییەکانی لەبارەی لیستی مووچە چاککردووەتەوە و لیستەکەی لەگەڵ خۆی بردووە.
 
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی، بەغدا 572 ملیاری لەو 815 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە و بڕیارە ئەوەی ماوە خەرجی بکات کە 243 ملیار دینارە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئاب پێبدرێت.
 
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.