دادگەى فیدراڵی سکاڵایەکى دژی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دواخست

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى دژی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دواخست، یەکێک لە سکاڵاکاران دەڵێت دواخستنەکە بۆ ئەوەیە لە کۆبوونەوەى داهاتوودا بڕیارى کۆتایی لەبارەوە بدرێت.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، لە 24ـی ئەیلوولی2023، تاوتوێى دوو سکاڵاى کرد کە لە دژى چەند ماددە و بڕگەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشی کرابوون و بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو، 1ـی تشرینى یەکەمى 2023، دوابخات.
 
سکاڵاکان دوو دانەن و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە و دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
ئامانج شەمعوون بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگە بڕیاریداوە کە کۆبوونەوەکە بۆ یەکى تشرینى یەکەمى داهاتوو دوابخات، بەگوێرەى گوتەى پارێزەرەکەی، ئەو دواخستنە بۆ ئەوە بووە لە دانیشتنى داهاتوودا دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیارى کۆتایی لەبارەى ئەو سکاڵایە بدات.
 
دواخستنى ئەو سکاڵایە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى نادەستووریبوونی مادەى دووى یاساى ژمارە دووی ساڵى 2019ـى هەمووارى یەکەمى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و، پاساوى دادگەکە بۆ ئەو بڕیارەى ئەوە بووە؛ هەموارەکە دژی مادەى شەش و دووی بڕگەى مادەى دووى دەستوورە.