هیومەن رایتس وۆچ: دوای 20 ساڵ، هێشتا ئەشکەنجەدراوانی عێراق چاوەڕێی قەرەبووی ئەمریکان
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)، لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئەمریکا تاوەکو ئێستا ئەو عێراقییانەی قەرەبوو نەکردووەتەوە کە لە ئەبوغرێب و زیندانەکانی دیکە لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە ئەشکەنجە درابوون.
راپۆرتەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات؛ ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە "تاوەکو ئێستا رێگەیەکی روونیان لەبەردەمدا نییە بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو یان دانپێدانان لە حکومەتی ئەمریکاوە، سەرەڕای ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدان لە ژیانی رۆژانەی رزگاربووان و خێزانەکانیان بەردەوامە."
لە ئابی ساڵی 2022، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پلانێکی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەیدا زیانەکانی سەر خەڵکی سڤیل کەمبکاتەوە، بەڵام هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "پلانەکە هیچ رێگەیەکی تێدا نییە بۆ وەرگرتنی قەرەبوو لە بەرامبەر ئەو زیانەی لە رابردوودا بە خەڵکی سڤیل گەیشتووە."
رێکخراوە مافپارێزەکە دەشڵێت "دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەنێوان ساڵانی 2003 و 2009، نزیکەی 100 هەزار عێراقییان لە زیندانەکاندا هێشتنەوە. هیومەن رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی دیکە ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی دیکەی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمریکییەکانیان لە عێراق بەدۆکیۆمێنت کردووە. رزگاربووان ماوەی چەندین ساڵە هاتوونەتە پێشەوە بۆ ئەوەی باسی ئەو مامەڵەیە بکەن کە لە دژیان کراوە، بەڵام دانپێدانانێکی زۆر بچووکیان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێدا نراوە و هیچ قەرەبوویێکیان پێنەدراوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، یاسای ئەمریکا، پەیماننامەی ساڵی 1949ـی جنێڤ و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی ئەشکەنجەدان، هەرەوها یاسای نێودەوڵەتی، ئەشکەنجەدان قەدەخە دەکەن.
سارا یاگێر، بەڕێوەبەری لقی واشنتنی هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "دوای 20 ساڵ، ئەو عێراقییانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەشکەنجەدرابوون، هێشتاش هیچ رێگەیەکی روونیان لەبەردەمدا نییە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا یان وەرگرتنی هیچ جۆرە قەرەبوو یان دانپێدانانێک لە حکومەتی ئەمریکاوە."
خانمە بەرپرسەکە هەروەها باس لەوە دەکات "بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە؛ دەیانەوێت ئەشکەنجە لە رابردوودا بهێڵنەوە، بەڵام کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەشکەنجە هێشتاش دۆخی راستەقینەی ژیانی زۆر عێراقی و خێزانەکانیانە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هیومەن رایتس وۆچ قسەی لەگەڵ رزگاربووێکی ئەبوغرێب کردووە کە ناوی تاڵب مەجلی-یە.
مەجلی بە رێکخراوەکەی گوتووە، "هێزەکانی ئەمریکا ئەویان ئەشکەنجە داوە و مامەڵەی دیکەی خراپیان لەگەڵ کردووە، لەوانەش ئازاری جەستەیی، دەروونی و گێچەڵی سێکسی"، کاتێک کە لەنێوان تشرینی دووەمی 2003 و ئاداری 2005 لە زیندانەکەدا بووە.
مەجلی باسی لەوە کردووە، ئەو یەکێک بووە لەو پیاوانەی لەنێو وێنەیەکی بەنێوبانگی ئەبوغرێبدایە، کە پێشانیدەدات کۆمەڵێک زیندانی بە رووتی وەکو هەڕەمێک لەسەر یەکدی دانراون و دوو سەربازی ئەمریکیش بە زەردەخەنەوە لە پشتیان وەستاون.
ئەو هاووڵاتییە عێراقییە دەڵێت "دوو سەربازی ئەمریکی، کە یەکێکیان ژن و ئەوەی دیکە پیاو، فەرمانیان پێکردین جلەکانمان داکەنین. ئێمەیان لەسەر یەک کۆکردنەوە. من یەکێک بووم لەو زیندانیانە."
مەجلی باسی لەوە کردووە هێزە ئەمریکییەکان لە ساڵی 2003 لە کاتی سەردانکردنی کەسوکاری لە ئەنبار ئەویان دەستگیرکردبوو.
مەجلی ئاماژە بەوە دەکات "بەیانیی 31ـی تشرینی یەکەم [2003]، هێزەکانی ئەمریکا ئەو گوندەیان گەمارۆدا کە مامم تێیدا دەژیا. کوڕ و پیاوانی بەتەمەنی گوندەکەیان بردن. پێمگوتن من میوانم و لە بەغداوە هاتووم، لە بەغدا دەژیم و تەنیا بە سەردان هاتوومەتە لای مامم، بەڵام ئەوان سەری منیان داپۆشی و بە کەلەپچەیەکی پلاستیکی قۆڵبەستیان کردم و سواری هەمەڕێکیان کردم."
دوای چەند رۆژێک مانەوە لە بنکەی سەربازیی حەبانییە و دواتر لە شوێنێکی نەزانراوی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا مەجلی-یان گواستبووەوە بۆ زیندانە بەدناوەکەی ئەبوغرێب. مەجلی دەڵێت "ئیدی لەوێوە ئەشکەنجەدان دەستیپێکرد. جلەکانیان بردین. بەردەوام گاڵتەیان پێدەکردین لە کاتێک کە ئێمە چاوبەستکرابووین. بە تەواوی بێدەسەڵات بووین. بە سەگی پۆلیسی، بۆمبی دەنگی، ئاگر و سۆندە ئەشکەنجە دەدرام."
هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "بەڵگەنامەکان قسەکانی مەجلی دەسەلمێنن"
لەنێوان ساڵانی 2003 و 2011 هەزاران پیاو، ژن و منداڵ لە زیندانی ئەبوغرێب بەندکرابوون. راپۆرتێکی ساڵی 2004ی خاچی سووری نێودەوڵەتی کە بە هێزەکانی هاوپەیمانانی دابوو، باسی لەوە کردبوو کە بەرپرسانی هەواڵگری دەڵێن 70٪ بۆ 90٪ی ئەو خەڵکەی لە ساڵی 2003 لایەن هاوپەیمانانەوە دەستبەسەربوون، بە هەڵە دەستگیرکرابوون.
مەجلی دەڵێت، دوای 16 مانگ مانەوە لە ئەبوغرێب، بێ ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک، ئازادکرا. ئەگەرچی ئازادییەکەی بەدەستهێنایەوە، راپۆرتەکە دەڵێت، "مەجلی لەلایەنی جەستییەوە نەخۆش بوو، بێپارە و تووشی شۆکی دەروونی ببوو."
کاتێک کە دەستبەسەربوو، مەجلی دەڵێت، دەست و باسکی دەگەست بۆ ئەوەی گوشاری دەروونی خۆی کەمبکاتەوە و لەو کاتەوە خووی پێوە گرتووە. راپۆرتەکە دەڵێت، "شوێنەواری گەستنەکە بە روونی" بە دەست و باسکییەوە دیار بوو.
"بووەتە نەخۆشیێکی دەروونی. لە زیندان وام دەکرد، دوای زیندانیش، ئێستاش بەردەوام دەیکەم. هەوڵدەدەم نەیکەم، بەڵام ناتوانم. تاوەکو ئەمڕۆش، ناتوانم شتی قۆڵکورت بپۆشم. کە خەڵک ئەمە دەبینن، پێیاندەڵـێم شوێنەواری سووتانە. خۆم لە پرسیارەکان دەدزمەوە."
جیا لەو ئازارەی خودی خۆی چەشتوویەتی، مەجلی ئاخی ئەوە دەکێشێت کە زیانە گەورەکە بە ماڵ و منداڵی کەوتووە و ئەو دەڵێت "ئەو ساڵ و چوار مانگە، هەموو ژیانی تێکدام. من و خێزانەکەشمی لەنێوبرد. هەر بەوە هۆیەوەیە کە کوڕەکەم کێشەی تەندروستیی هەیە و کچەکانیشم وازیان لە قوتابخانە هێنا. پاشەڕۆژی ئێمەیان دزی."
بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو، مەجلی هەوڵیداوە قەرەبوو بەدەستبێنێت، لەوانەش داوا دەکات قەرەبووی دارایی پێ بدرێت و داوای لێبووردنی لێ بکرێت. لەبەر ئەوەی پارەی نەبووە پارێزەرێک بگرێت و نەشیتوانیوە خۆی بگەیێنێتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، مەجلی پەنای بردبووە بەر سەندیکای پارێزەرانی عێراق، کە ئەوانیش بێهیوایان کردبوو و پێیان گوتبوو مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی لەو جۆرەدا ناکەن. مەجلی دواتر چووبووە لای کۆمیسیۆنی باڵای عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەڵام تاکە شت توانیبوویان بۆی بکەن، پێدانی نامەیەکی پشتگیری بوو بەوەی کە وەک زیندانیێکی پێشووی ئەبوغرێب، ناوی لە تۆمارەکانی ئەواندا هەبووە. ئەو دەڵێت، نازانێت چۆن پەیوەندی بە سوپای ئەمریکاوە بکات و سکاڵایێک تۆماربکات.
هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، لە 6ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، نامەیەکیان بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناردووە و تێیدا باسیان لە دۆسیەی مەجلی کردووە و داوای زانیاری و قەرەبوویان بۆ ئەشکەنجەدراوانی عێراق کردووە. "وێڕای چەندین جار بەدواداچوون، هیومەن رایتس وۆچ تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی پێنەگەیشتووە."
مەجلی بە رێکخراوەکەی گوتووە، "نازانم، دەتوانم چی بکەم یان بۆ کوێ بڕۆم."
هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، ئەوانیش نەیانتوانیوە هیچ رێگەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی مەجلی سکاڵا تۆماربکات و داوای قەرەبوو بکاتەوە.
یاگێر دەڵێت "وەزیری بەرگری و داواکاری گشتیی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ئەو خەڵکە بکەن کە لە لایەن ئەمریکاوە لە دەرەوەی وڵات لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی 'جەنگی جیهانیی دژی تیرۆر" لە دژیان کراوە. دامودەزگاکانی ئەمریکا دەبێت دەست بە لێپێچینەوەی گونجاو دژی هەر کەسێکی تێوەگلاو بکەن، گرنگ نییە لە چ پلە و پێگەیەکدا بن. پێویستە ئەمریکا قەرەبوو بە رزگاربووان و خێزانەکانیان بدات، دانیان پێدا بنێت و بە فەرمی داوای لێبوردنیان لێ بکات."