بکوژانی دوو منداڵ لە بەغدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ

دادگە دوو تۆمەتبارى رفاندن و کوشتنى دوو منداڵی بەغداى بە لەسێدارەدان سزادا و بڕیارى بەندکردنى تاهەتایی بۆ تۆمەتبارى سێیەمى ئەو دۆسیەیە دەرکرد، کە بەر لە حەوت مانگ روویدا. 
 
24ى ئەیلوولى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى تاوانەکانى کەرخ لە بەغدا، سزاى ئەو سێ کەسەى داوە کە تۆمەتبار بوون بە رفاندن و کوشتنى ئایە و فاتیمە، ئەو دوو کچەی لە 15ـی شوباتى 2023 لە بەغدا رفێندران و رفێنەرانیان داواى پارەیان کرد لە کەسوکاریان لەبەرامبەر ئازادکردینان کرد، بەرلەوەى بیانکوژن.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگە، دوو لە تۆمەتبارەکان سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و تۆمەتبارى سێیەمیش بەتۆمەتى شاردنەوەى تاوانەکە بە بەندکردنى تاهەتایی، سزادراوە.
 
ئایە حەسەن شەش ساڵان و فاتیمە عەباسی حەوت ساڵان کە ئامۆزان، لەدواى 12 کاژێر لە رفاندنیان، تەرمەکانیان لە نزیک شارۆچکەى سەدر لە بەغدا دۆزرانەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریدا هاتووە "دوو تۆمەتبارەکە دەست و قاچى ئەو دوو کچەیان بەستووە و خستوویانەتنە کیسێکەوە کە بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
تۆمەتبارانى رووداوەکە هەمان رۆژى دۆزینەوەى تەرمى دوو منداڵە کچەکە دەستگیرکران، هەر سێکیان بەگوێرەى یاساى بنبڕکردنى تیرۆر سزادراون.