پارێزگاری پێشووتری زیقار بە زیندانیکردن سزادەدرێت

25-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دادگەی دەستەی سێیەمی کەرخ لە بەغدا یەحیا ناسری، پارێزگاری پێشووتری زیقاری بە زیندانیکردن سزادا، ئەویش بەهۆی سەرپێچیکردن لە ئەرکەکانیدا لەوکاتەی پارێزگار بووە. 
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 25-09-2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "دادگەی دەستەی سێیەمی تاوانەکان لە کەرخ پارێزگاری پێشووتری زیقاری بە زیندانیکردن سزادا بەهۆی سەرپێچیکردن لە ئەرکەکانی پۆستەکەی." 
 
دادگە بەپێی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراق پارێزگاری پێشووتری زیقاری سزاداوە، چونکە سزادراوەکە بڕە پارەیەکی لە مووچەی کارمەندانی هێزی سەحوەی زیقار بڕیوە لەو سەردەمەی کە مووچەی کارمەندانی سەحوە لە زیقار دابەش دەکرا.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا بە هۆکارێکی نادیار ماوەی زیندانیکردنی پارێزگاری پێشووتری زیقاری ئاشکرا نەکردووە، لە کاتێکدا پارێزگاری پێشووتری زیقار بەهۆی چەندین تۆمەتی دیکەی پەیوەندیدار بە سەرپێچیکردنی ئەرکەکانی پۆستەکەی پێشووی دادگەیی کراوە.
 
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند: دادگەی ناوەندیی نەهێشتنی گەندەڵی بە یەک ساڵ پارێزگاری پێشووتری زیقاری سزادا، چونکە سزادراوەکە لەوکاتەی لە پۆستەکەیدا بوو چەند فەرمانبەرێکی بە پێچەوانەی رێنماییەکان بۆ ژاپۆن ئیفاد کردووە.
 
لە دەقی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراقدا هاتووە: هەر فەرمانبەرێک یان هەر کارمەندێکی کەرتی گشتی؛ ئەگەر بە مەبەست سەرپێچی ئەرکەکانی پۆستەکەی بکات بۆ سوودگەیاندن یان زیانگەیاندن بە کەسێک بە زیندانیکردن یان پێبژاردن یاخود بە هەردوو سزاکە سزا دەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە