عێراق دەڵێت ئامادەیە بازاڕی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە

25-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئامادەیە بازاڕی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێن سێ بازاڕی ناوەندی لە بەغدا دەکاتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 25-08-2024، زەهرە گەیلانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ بێت، ئامادەین بازاڕی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. سێ ناوەندی بازرگانی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن و ئامادەین ئەو بازاڕانە نۆژەن بکەینەوە و بەکاربێنینەوە".
 
زەهرە گەیلانی گوتی، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، سێ بازاڕی ناوەندی لە بەغدا دەکرێنەوە؛ گوتیشی، ئەگەر سەرکەوتووبوون، لە پارێزگاکانی دیکەش ئەو بازاڕە دەکەنەوە. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان لە وەزارەتی بازرگانی، بازاڕی ناوەندی لە کەرکووک و نەینەواش دەکەنەوە. ئەوەی کەرکووک شوێنی خۆی هەیە و ئامادەکاری بۆ دەکەن. لە نەینەوا دەبێ داروپەردووی شوێنە رووخاوەکە لاببەن و دواتر دەست بە دروستکردنەوەی بازاڕەکە بکەن.
 
سەبارەت بە بایەخی کردنەوەی بازاڕە ناوەندییەکان، زەهرە گەیلانی دەڵێت، "گرنگی زیاتر بە بازرگانیی نێوخۆیی دەدرێت، ئابووریی وڵات دەبووژێتەوە. وەزارەتی بازرگانی نرخ بۆ کاڵا و شتوومەکەکان دادەنێت و راستەوخۆش حکومەت چاودێریی نرخ دەکات. لەو شوێنانەدا خەڵک بە کەمتر نرخی کاڵا و کەرەستەی دەست دەکەوێت و بەرهەمی نێوخۆییش زیاتر پەرەی پێدەدرێت".
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 19 بازاڕی ناوەندی لە عێراقدا هەبوون کە لە 2003ـوە سەرجەمیان داخراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە