رووداو دیجیتاڵ
ژمارەى زیارەتکارانى ئەم ساڵ بۆ چلەى شەهیدکردنى ئیمام حوسێن، گەیشتووەتە زیاتر لە 21 ملیۆن کەس و ئەوەش زیاتر لە نیو ملیۆنى لە ساڵى رابردوو کەمترە.
گوتەبێژى پیرۆزگەى عەباسی ئاماژە بەوە دەکات، بەرزى پلەى گەرما و کەمبوونەوەى زیارەتکارى بیانى هۆکار بوون.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى پیرۆزگەى عەباسی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە 25ى ئاب دەریکردووە، ژمارەى تەواوى ئەو زیارەتکارانەى کە بۆ چلەى شەهیدکردنى ئیمام حوسێن سەردانى کەربەلایان کردووە، 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 زیارەتکار بوون.
ئەو ژمارەیە لە رێگەى ئامێرەکانى تۆمارى ئەلیکترۆنى ژماردنى دەروازەکانى شارى کەربەلا تۆمار کراون، کە لە چوار دەروازەى فەرمى شارەکە جێگیر کراون. ئەو زیارەتکارانە لە 5ی ئاب تاوەکو کاژێر 12:00ى 24ى ئاب تۆمارکراون.
عەلى بەدرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پیرۆزگەى عەباسی بە تۆڕى میدیایی رووداى گوت، "ئەو ئامێرەى ژمارەى زیارەتکارانى تۆمارکردووە، وێنەش دەگرێت، تەنیا ئەو زیارەتکارانە تۆمارکراون کە چوونەتە ناو کەربەلا".
زیارەتکارانى ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵى 2023 کەمیکردووە کە 22 ملیۆن و 19 هەزار و 146 زیارەتکار بوون، بەوپێیە ئەم ساڵ ژمارەکە 538 هەزار و 621 کەس بەراود بە پار کەمیکردووە.
عەلى بەدرى ئاماژەى بەوەدا، هۆکارى کەمبوونەوەى زیارەتکاران لە ئەم ساڵدا چەند هۆکارێکى هەیە، لەوانە؛ بەرزى پلەى گەرما، کەمبوونەوەى زیارەتکارانى بیانى بەهۆى قەرەباڵخى فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان.
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پیرۆزگەى عەباسی گوتیشی، "زیارەتکارانى ئەفغانستان و پاکستان لە رێگەى ئێرانەوە سەردانى عێراق دەکەن، هەندێکیان لە دواى تەواو بوونى رێوڕەسمەکان سەردان دەکەن بۆ ئەوەى خۆیان لە جەنجاڵى رێگەکە بپارێزن".
لەو نووسراوەى پیرۆزگەى عەباسی کە تایبەتە بە کاروبارى ئایینى مەزارگەى شیعەکان لە عێراق، ئامارى زیارەتکارانى هەشت ساڵ لەومەبەریشی بڵاوکردووەتەوە:
ساڵى 2016
11،210،367 زیارەتکار
ساڵى 2017
13،874،818 زیارەتکار
ساڵى 2018
15،322،949 زیارەتکار
ساڵى 2019
15،229،955 زیارەتکار
ساڵى 2020
14،553،308 زیارەتکار
ساڵى 2021
16،327،542 زیارەتکار
ساڵى 2022
21،198،640 زیارەتکار
ساڵى 2023
22،019،146 زیارەتکار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ