عێراق
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، حەبە هۆشبەرەکان لەنێو بارهەڵگرێکی گواستنەوەی میوە دەستیان بەسەردا گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنبار تۆڕێکی نێودەوڵەتیی چوار کەسی، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، دەستگیرکران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "دوای چاودێریکردنیان بۆ ماوەی حەوت رۆژ، توانرا چوار بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر بە 100 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆنەوە لە پارێزگای ئەنبار دەستگیر بکرێن".
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەش دەدات، "بەپێی زانیارییەکانمان ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییە بەنیازبوون بە بارهەڵگرێک بڕێکی زیاتر لە مادەی هۆشبەر لە یەکێک لە وڵاتە دراوسێکان بهێننە عێراقەوە، ئەو حەبانەش کە دەستیان بەسەردا گیراوە لەنێو بارهەڵگرێکی گواستنەوەی میوە دانرابوون".
لە شەش مانگى یەکەمی ئەم ساڵدا بەڕێوەبەرایەتى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان، دەستى گرتووە بەسەر یەک تۆن و 822 کیلۆ و 740 گرام مادەى هۆشبەردا.
لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 705 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 1435 یان بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون، کە 147یان بازرگانى نێودەوڵەتی بوون.
بەگوێرەی مادەی 27ـی ژمارە 50ـی ساڵی 2017ـی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک تاوانبار بێت بە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو وڵات، بە زیندانیکردنی تاهەتایی یان لە سێدارەدان سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ