دەروازە سنوورییەکانى عێراق بۆ رووداو: ژمارەی زیارەتکاران گەیشتە نزیکەی 3.5 ملیۆن

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەپێی ئاماری دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، لە 19 رۆژدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 413 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاریش رۆیشتوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو زیارەتکارە بیانییانەى لە رێگەى دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە لە 6ى ئاب تاوەکو 24ى ئاب هاتوونەتە نێو عێراق زیاتر لە 3 ملیۆن و 413 هەزار و 63 زیارەتکار بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى زیارەتکاران. 
 
زیارەتکاران لە رێگەی 10 دەروازەوە دێنە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە دەروازەکانی سەفوان، شەلامچە، شیب، زرباتییە، مونزرییە، قائیم، حاجی ئۆمەران، باشماخ، فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف.
 
عەلائەدین قەیسی  گوتى: "هەر لەو ماوەیەدا ئەو زیارەتکارانەى گەڕاونەتەوە زیاتر لە 2 ملیۆن و 502 هەزار و 395 کەس بوون". 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئاب، یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران سەردانى شارى کەربەلا دەکەن کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە. 
 
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران هاوردەکردنى خۆراک و کاڵاى دیکەش لە دەروازەکان بەردەوام دەبێت.