رووداو دیجیتاڵ
سێشەممەی ئەم هەفتەیە دادگەییکردنی نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" کە نزیکەی 4 تریلیۆن دیناری تێدا دزرا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هێشتا روون نییە خۆی ئامادە دەبێت یان نا. رووداو زانیارییەکانی راپۆرتێکی دەستەی گشتیی باجەکان بڵاودەکاتەوە کە تەواوی دۆسیەکە و وردەکاریی کۆمپانیاکان و تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تێدایە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، "ئەو پارەیەی دزراوە لە 8 تریلیۆن دینار زیاتر دەبێت."
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 27ـی ئاب، یەکێک لە دیارترین دادگاییکردنەکانی مێژووی عێراق یان لانیکەم لە 21 ساڵی دوای رووخانی بەعس لە 2003 بەڕێوەبچێت.
دادگەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا رۆژی 14ـی ئەم مانگە دادگاییکردنەکەی نوور زوهێری بۆ رۆژی 27ـی ئابی 2024 دواخست، دوای ئەوەی پارێزەری ناوبراو بەهۆی "دۆخی تایبەت"ەوە دادگاییکردنەکەی دواخست.
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دۆسییەکەوە بە روووداوی گوت: "ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دزیی سەدە باس دەکرێت زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت. پێشبینی دەکەین پارەکە سەروو 6 تریلیۆن دینار و تەنانەت زیاتریش بێت. بەڵێنمان داوە تاوەکو دوا وێستگە لەگەڵ دۆسییەکەدا بچین و بزانین کێن ئەوانەی لەپشتی ناوە ئاشکراکانەوەن کە دزییەکەیان کردووە".
تۆڕی میدیایی رووداو بەپشتبەستن بە راپۆرتی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق زانیارییەکانی ئەو دزییە بڵاودەکاتەوە کە تێیدا بەپێی حکومەتی عێراق 3.7 تریلیۆن دیناری تێدا دزرا، هەرچەندە ژمارەکە لە زیادبووندایە.
نهێنیی ژمارە 60032 لە دەستەی گشتی باجەکان و بانکی رافیدەین
نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە رۆژی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 بۆ پەرلەمان/نووسینگەی پەرلەمانتار فالح ساری، ئەندامی پەرلەمان نێردراوە، راپۆرتی کۆتایی هەژماری سپاردەکانی دەستەی باجەکانی روونکردووەتەوە. راپۆرتەکە ئەم زانیارییانەی خستوەتەڕوو:
- دوای وردبینییکردنی هەژماری سپاردەی دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی رافیدەین ژمارە (60032) ئەم زانیارییانە روونبوونەوە:
1- بڕی 3 تریلیۆن و 701 ملیار و 380 ملیۆن دینار لەنێوان رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2021 تاوەکو 11ـی ئابی 2022 راکێشراوە.
2- ئەو پارەیە لەرێگەی 247 چەکی بانکییەوە لەو هەژمارە راکێشراوە.
3- سەرجەمی چەکەکان بۆ بەرژەوەندیی تەنیا پێنج کۆمپانیا نووسراون کە ئەمانەن:
- کۆمپانیای قانت بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی
- کۆمپانیای حوت ئەحدەب بۆ بازرگانی گشتی
- ریاح بەغدا بۆ بازرگانی گشتی
- موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی
- بادەیە مەسا بۆ بازرگانی گشتی
4- ئەو کۆمپانیایانە سپاردەی باج و بریکارنامەیان لەلایەنی سێیەمەوە بۆ راکێشانی سپاردەی باجەکان نییە، بۆیە راکێشانی پارە هیچ پاساوێکی نییە.
5- ئەو بڕەی لە چەکاکاندا هەبووە بە کاش لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی سەرەوە دوای دانانی چەکەکان لە بانکی رافیدەین راکێشراوە.
6- چەکەکان لە هەژمارەکانی دەستەی گشتی باجەکان تۆمارنەکراون، هەروەها بەهۆی رێڕەوە درووستەکانەوە، کرداری خەرجکردنی چەکاکان جێگەی ناکۆکیی بووە ، چونکە بەپێی راپۆرتی دارایی بەشی کۆمپیوتەری دەستەکە باڵانسی هەژماری سپاردەکان 3 تریلیۆن و 531 ملیار و 501 ملیۆن دینار بووە، بەڵام باڵانسی راستەقینەی ماوە لە هەژمارەکە 145 ملیار و 50 ملیۆن دینار بووە.
دەستەی گشتی باجەکان لە راپۆرتەکەیدا و لە "ئەنجامی کۆتایی"دا دەڵێت: پارەی سپاردەی دانراو لە هەژماری سپاردەکانی سەر بە دەستەی گشتی باجەکان لە بانکی رافیدەین لە لقی باجەکانی ژمارە (60032) دزراوە، لەرێگەی 247 چەکی دەستەی گشتی باجەکان بە بەهای 3 تریلیۆن و 701 ملیار و 380 ملیۆن دینار لە رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2021 تاوەکو 11ـی ئابی 2022 راکێشراوە؛ پارەکە لە هەژماری پێنج کۆمپانیا دانراوە. ئەو چەکانە دوور لە یاسا رێکخراون و بەبێ ئەوەی کارگێڕیی پێشوو و بەشەکانی تایبەت لە دەستەی گشتی باجەکان ئەو مافەیان هەبێت، کراوە.
ئەو هەڵەیەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی تێیکەوتوون
راپۆرتەکەی دەستەی گشتیی باجەکان ئەوەی روونکردووەتەوە لە 26ـی شوباتی 2021، نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە نووسراوی ژمارە (م.ر.و/5/3047)، دیوانی چاودێری دارایی بۆ وردبینیکردن لەسەرجەم مامەڵەکانی گێڕانەوەی پارەی سپاردەی باجەکان و گومرک لە رۆژی 1ـی کانووی دووەمی 2015 و دواتر راسپارد.
دواتەر لیژنەی دارایی پەرلەمان بە نووسراوی ژمارە 21121 لە 13ـی تەمموزی 2021 نووسراوێکی بۆ وەزیری دارایی کرد و پێشنیازی وردبینیکردنی مامەڵەی گێڕانەوەی پارەی سپاردەی باجەکانی لەلایەن دەستەی گشتی باجەکانەوە کرد.
بەڕێوەبەری گشتی باجەکان بە نووسراوی 61س/1046 لە رۆژی 1ـی ئابی 2021 داوای لە وەزارەتی دارایی کرد لەسەر پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەبێ بەشداریکردنی دیوانی چاودێری دارایی، وردبینی لە مامەڵەی گێڕانەوەی پارەی سپاردەکان بکەن.
لیژنەی دارایی لە 3ـی ئابی 2021 بە نووسراوی 2126 داوای لە وەزیری دارایی کردووە کار بە نێوەڕۆکی نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران ژمارە (م.ر.و/س/د7/2/12772) بکات.
وەزیری دارایی لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی باجەکان، رەزامەند بووە وردبینیکردن لە مامەڵەی گیڕانەوەی پارەی سپاردەی باجەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان بێت بەبێ ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی بەشداری تێدا بکات.
سروە عەبدولواحید، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "لێپرسینەوە و سزادانی دزەکانی دزیی سەدە کە ناویان لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە بە قورسترین سزا داواکاریی رەوای هاووڵاتییانە، ئەگەر دزە گەورەکان ئەوانەی نوور زوهێر ناوی بردوون ئاشکرانەکرێن، متمانە بۆ هاووڵاتیان ناگەڕێتەوە."
هەر کۆمپانیایەک چەندی لەو 3 تریلیۆن و 701 ملیار دینارە براوەکە بەردەکەوێت
بەپێی راپۆرتی دەستەی گشتی باجەکان، لەو ماوەیەی لە سەرەوەدا ئاماژەی بۆ کراوە (9ـی ئەیلوولی 2021 تاوەکو 11ـی ئابی 2022)، ئەو پارەیەی راکێشراونە، بەم شێوەیە بووە:
- کۆمپانیای حوت ئەحەدەب بۆ بازرگانیی گشتی: 982 ملیار دینار
- کۆمپانیای ریاح بەغدا بۆ بازرگانیی گشتی: 477 ملیار دینار
- کۆمپانیای قانت بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی: 1 تریلیۆن و 185 ملیار دینار
- کۆمپانیای موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی: 433 ملیار و 15 ملیۆن دینار
- کۆمپانیای بادیە سەما بۆ بازرگانیی گشتی: 624 ملیار دینار
دەستەی گشتی باجەکان دەڵێت، سەرجەم ئەو پارەیەی راکێشراوە بە کاش بووە و "دزراوە" بێ ئەوەی بۆ خاوەن مافەکان بڕوات.
دەستەکە هەژماری بانکی، ژمارەی چەکەکان، بڕی پارەی راکێشراو، رۆژی دانانی چەکەکە، ناونیشانی لقەکەی بڵاوکردووەتەوە کە 247 چەکن. زۆرترین چەک خەرجکرابێت بڕی 44 ملیار دینار و کەمترین بڕی پارەش بەپێی چەکەکان خەرجکرابێت 10 ملیۆن دینار بووە. بڕی پارەکە بەپێی چەکاکان لە 44 ملیار دینارەوە بۆ 20 ملیار دینار و 30 ملیار دینار دەبێت.
نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە"ـیە، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 دوای دەستگیرکردنی، وێنەیەکی لە سۆشیاڵ میدیای عێراق بڵاوکرایەوە و دواتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراق رایگەیاند، چەندین کەس و تۆمەتبار لە دۆسییەکەدا هەن و خۆی وەک قوربانی ناساند.
نوور زوهێر، ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی گەورەی عێراقی تۆمەتبارکرد، بەڵام رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە تووشبوونی بە رووداوێکی هاتوچۆ لە لوبنان بڵاوکرایەوە کە هێشتا دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان و عێراق هیچ روونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
خەرجکردنی پارەی هەر چەکێک بە 9 هەنگاودا تێپەڕێت
بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی گشتی باجەکان، ئەو پارانەی بەپێی چەکاکان خەرجکراون، میکانیزمەکانی خەرجکردن بەمشێوەیەن:
یەکەم: رێکخستنی مامەڵەی گیڕانەوەی سپاردەکان بۆ یەکێک لەو پێنج کۆمپانیایە بە واژۆی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو، چونکە بەرپرسی بەشی چاودێری و گەورە راسپێردراون بووە، بەبێ بوونی هیچ سەرەتایەکی کارپێکراو لە مامەڵەکە.
دووەم: رەزامەندیی وێنەی لەلایەن بەشی چاودێری بۆ گێڕانەوەی پارەکان وەردەگیرێت.
سێیەم: چەکەکە لەلایەن راسپێردراوان لە بەشی داراییەوە کە بریتین لە بەڕێوەبەری بەشی دارایی، بریکاری بەشی دارایی، بەرپرسی هۆبەی سپاردەکان هاوپێچ دەکرێت.
چوارەم: چەکەکە دەدرێتە کۆمپانیای سوودمەند کە هەڵدەستێت بە دانانی چەکەکە لە هەژمارەکەی لە بانکی رافیدەین.
پێنجەم: لقی بانکی رافیدەین کە هەژماری کۆمپانیا سوودمەندەکەی تێدایە، ئاگاداری دەگەیەنێت بە لقی باجەکان لە لقی بانکی رافیدەین کە هەژماری سپاردەکانی باجەکانی بە ژمارە 60032ـی تێدایە لەگەڵ کۆپییەک لە چەکەکە و واژۆکان بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی دەرچوونی و دروستیی واژۆی راسپێردراوان.
شەشەم: بانکەکە لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکان قسە دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی چەکەکە و درووستیی واژۆی راسپێردراون.
حەوتەم: نووسراوی نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باجەکان لەگەڵ کۆپییەک لە چەکەکە دادەنرێت کە جەخت لە دروستیی ئەو چەکەی لە بەشی داراییەوە دەرچووە دەکاتەوە و بۆ بانکەکە دەنێردرێت.
هەشتەم: بانکەکە بڕی پارە لە هەژمارەی سپاردەی باجەکانی دەستەی گشتیی باجەکان ژمارە 60032 بۆ هەژماری کۆمپانیا سوودمەندەکە دەنێرێت.
نۆیەم: راسپێردراو لەلایەن کۆمپانیاکەوە هەڵدەستێت بە راکێشانی راستەوخۆی بڕی پارەی چەکەکە لە بانکی رافیدەین.
بەپێی دەستەی گشتی باجەکان ئەو پێنج کۆمپانیایەی پارەکانیان راکێشاوە هیچ سپاردەیەکی باجیان نییە، کۆمپانیاکان نوێ دروستبوون، سەرمایەیان کەمە، بۆیە دەردەکەویت بەبێ گومان ئەو کۆمپانیانە پارەکانیان دزیوە.
بەپێی دەستەکە کۆمپانیای قانت و موبدیعون لەساڵی 2021 دامەزراون، سێ کۆمپانیاکەی دیکە دامەزراندنی نوێن.
زانیاری لەسەر پێنج کۆمپانیاکە
بەپێی راپۆرتی دەستەکە، ئەو پێنج کۆمپانیایەی بڕی ئەو پارانەی سەرەوەیان راکێشاوە، ئەم زانیارییانەیان لەبارەوە هەیە:
- کۆمپانیای قانت بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکار، نوور زوهێر جاسم
- کۆمپانیای حوت ئەحدەب بۆ بازرگانی گشتی؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکار، عەبدولمەهدی تۆفێق مەهدی
- ریاح بەغدا بۆ بازرگانی گشتی؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکار، عەبدولمەهدی تۆفێق مەهدی
- موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکار، نوور زوهێر جاسم
- بادەیە مەسا بۆ بازرگانی گشتی؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکار، عەبدولمەهدی تۆفێق مەهدی
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "دەستەی گشتیی باجەکان بە کارگێڕی و بەرپرسانی هۆبە تایبەکان و فەرمانبەرانی پەیوەندیدار و راسپێردراون بە واژۆکردنی چەکاکان بەرپرسیارێتیی یاسایی لەبارەی ئەو دزی و یاریکردن و ساختەکارییە لە بڕی سپاردەی باجەکان دەگرێتە ئەستۆ."
بڕی ئەو پارەیەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بانکی رافیدەین (یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق)، لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022 دزرا و بە "دزیی سەدە"ناوی دەرکردووە، تادێت زیاتر دەبێت.
هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، کە نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بردراوە و کەسێکیش بەناوی نوور زوهیر وەکو پاڵەوان و تاکە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە ناسێندرا، بەڵام پارەکە تادێت زیاتر دەبێت، بەپێی دەستەی دەستپاکیی و ژمارەکانی نێو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی 1ـی ئەم مانگەی پارە دزراوەکە بۆ شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادیکردووە، دەشگوترێت پارەکە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەبێت کە نوور زوهیر لەبارەیەوە گوتی زیادکردنی بۆ" داپۆشینی دزیی دیکەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ