رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە لەم چەند رۆژەدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا بکرێت بۆ بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی هەڵبژاردنەوە.
سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن. ئەوانە جگە لە سەرکردە سیاسییەکان لە شیعە، سوننە و کورد کە بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن.
بەگوێرەی قسەکانی سەرکەوت شەمسەدین، بڕیاربووە ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی پێنجشەممە لە بەغدا بکرێت و دەڵێت: "بەڵام ئەگەر هەیە لووتکەی بەغدا ئەو کۆبوونەوەیە دوابخات".
نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە دەبێت ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەرێوەبچێت، بەبێ بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە وادەی خۆیدا بکرێت، یان هەڵبژاردنەکە دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکە.
بەشێک لە لایەنەکانی عێراق کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردن راگەیاندووە، دیارترینیشیان رەوتەکەی موقتەدا سەدرە کە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، لایەنە سیاسییەکانیش لە گفتوگۆدان بۆ ئەو پرسە کە ئایا لە کاتی خۆیدا بکرێت یان نا.
شەوی رابردوو سێشەممە 24-08-2021 لایەنە شیعەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەتی یاسا، گفتوگۆیان کردووە لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ 22ـی نیسانی2022.
ئەمڕۆ چوارشەممەش، شاندێکی باڵای دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە سەردانێکی یەک رۆژی گەیشتنە هەولێر و لە بارەگای بارزانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ