مەشعان جبووری: هۆشیار زێباری دەتوانێ پۆستی سەرۆککۆمار چالاکبکاتەوە

رووداو - هەولێر

مەشعان جبووری رایدەگەیێنێت، هەمووان لەسەر ئەو کۆکن پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت، لەنێو کوردیشدا هۆشیار زێباری "گونجاوترینە".

لە توویتێکدا مەشعان جبووری، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "هەمووان لەسەر ئەوە رازین پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت. ئێستا کێبڕکێ لەسەر دیاریکردنی کاندیدەکان هەیە. پێموایە هۆشیار زێباری کەسێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت".

مەشعان جبووری دەشڵێت "هۆشیار زێباری دەتوانێت ئەو پۆستە لەم متبوونە رزگاربکات، دووبارە شکۆی بۆ بگەڕێنێتەوە و لەم دۆخە چەقبەستووە دەریبهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زێباری پەیوەندییەکی ناوخۆیی و دەرەکی نایابی هەیە".

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە. پێشتر وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی عێراق بووە. 

لەدوای رووخانی رژێمی سەددام و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، پۆستە سیادییەکان لەنێوان کورد، سوننە و شیعە بە رێککەوتن دابەشکران. کورد سەرۆککۆمار، شیعە سەرۆکوەزیران و سوننەش سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرن.

بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار "نیشانەی یەکپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە. هەوڵدەدات بۆ پابەندبوون بە دەستوور و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و یەکێتیی خاکی عێراق".

مەرجەکانی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق چوار خاڵن، ئەوانیش: لە عێراق لەدایکبووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن. لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواوکردبێت. نێوبانگی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت. بە تاوانێک کە لەکەداری بکات، سزانەدرابێت.

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت، کە وادەکەی چوار ساڵە و تەنیا یەکجار دەتوانێ خۆی هەڵبژێرێتەوە.

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود