سوودانى چەند بڕیارێک لەبارەى ژنانەوە دەردەکات

25-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی کرد بە دەستپێکردنى دەستپێشخەریى تیمى نیشتمانیى ژنى عێراقى کە تێیدا پێنج هەزار کچ بەشدار دەبن و داواى لە سێ ژنە وەزیرى کابینەکەى کرد چى تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاساى رێگرى  لە توندوتیژى خێزانى هەیە ئامادەى بکەن.
 
ئەو بریارانە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى باڵاى کارووبارى ژنانى عێراق درا کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتى دەکات.
 
یەکێک لە بڕیارەکان دەستپێکردنى دەستپێشخەریى "تیمى نیشتیمانى ژنى عێراقى" بوو بۆ پەرەپێدان بە توانا و لێهاتوویی ژنان لە بوارى جیاوازەکان و بۆ ئەو مەبەستەش پێنج هەزار کچ لە سەرجەم پارێزگاکان دەستنیشان دەکرێن بۆ بەشداریکردن لەو دەستپێشخەرییە، ئەوەش لە رێگەى  پێشکێشکردنى داواکاریى لە سەکۆى تیمى نیشتمانى ژنى عێراق کە بڕیارە بەم نزیکانە کارا بکرێت.
 
ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى ژنان لە هەرسێ وەزیرانى دارایی، کۆچ و کۆچبەران، پەیوەندییەکان پێکدێت کە هەرسێکیان ژنن.
 
سوودانى داواى لەو ژنە وەزیرانەى کابینەى حکومەتەکەى کرد بۆ کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى باڵاى ژنان، تێبینی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای بنەبڕکردنى توندوتیژى خێزانى ئامادە بکەن.
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوەبوو کە دیدارى عێراقى- عەرەبی بۆ ژنان لە نێوەڕاستى مانگى تشرینى دووەمى داهاتوو لە بەغدا بکرێت.
 
سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا گوتى: "ئێستا ژنان زیاتر لە نیوەى کۆمەڵگەن، بەڵام لە زۆر رووەوە کۆت و بەندکراون".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە