رووداو دیجیتاڵ
دەستەى حەج و عومرەى عێراق دەرگاى وەرگرتنى داواکاریى حەجى بۆ سێ ساڵ کردەوە، دیارترین مەرجەکانى ئەوەیە کە تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و تەندروستیی جەستەیی و دەروونى باش بێت و پێشتر حەجی نەکردبێت.
وەرگرتنى ئەو داواکارییە بۆ حەجى ساڵانى 2025، 2026 و 2027 دەبێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ى تەممووز، بەستەرى ئەلیکترۆنى وەرگرتنى داواکارییەکان کارا کرا. یەکەمجارە پارە لە بەرامبەر پێشکێشکردنى داواکارییەکە وەرناگیرێت کە 25 هەزار دینار بووە.
13 مەرج بۆ ئەو داواکاران دیاریکراون: نابێت تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر بێت، پێشتر حەجى نەکردبێت، ئەو کەسەى پێشتر ناوى هاتووەتەوە و نەچووە بۆ حەج ناتوانێت داوای بکاتەوە، لە هەر پارێزگایەک داوا پێشکێش کرا، دەبێت بەڵگەنامەى نیشتەجێبوونى ئەو پارێزگایەى هەبێت.
دلێر بەرزنجى، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نووسینگەی کەرکووکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو پشکە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە، هەر کەسێک داواکاریى پێشکێش بکات وردبینى لە شوێنى نیشتەجێبوونى دەکرێت.
بەگوێرەى مەرجەکان؛ نابێت زیاتر لە جارێک ناو تۆمار بکرێت، ئەگەرنا دەسڕدرێتەوە و رێگەى نادرێت بچێتە تیروپشکەوە. هەروەها نابێت ئەو کەسەى کە ناوى دەردەچێت سازش بکات بۆ کەسێکى دیکە و دەبێت پێشکێشکار تواناى تەندروستى و جەستەیی و دەروونیى باش بێت و لیژنەى پزیشکى بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێندرێت.
دلێر بەرزنجى گوتى: "ئەستەمە وردبینى لەو مەرجە تەندروستییەدا بکرێت".
٪10ـى پشکى حەجى ئەو سێ ساڵە بۆ ئەوانەیە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵانە، 30٪ بۆ ئەوانە دەبێت کە تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 49 ساڵانە، ئەو 60٪ى کە دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەیە کە تەمەنیان لە 50 ساڵ بۆ سەرەوەیە.
پشکی دیاریکراوی پارێزگاکان بۆ حەج، هەزار کەسە بۆ یەک ملیۆن دانیشتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ