عێراق لێکۆڵینەوە لە 'دزەکردنى' 50 هەزار پاکستانی بۆ ناو وڵاتەکەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق لێکۆڵینەوە لە بارەى دەنگۆى دزەکردنى 50 هەزار پاکسانى دەکات بۆ ناو وڵات کە گوایە بۆ ئەوەیە بە شێوەیەکى نایاسایی کار بکەن. ئەو بڕیارە دواى ئەوە بوو بەرپرسێکى پاکستان رایگەیاندبوو، ئەو هاووڵاتییانەیان چوونەتە عێراق و دیار نەماون.
 
25ى تەممووزی 2024، ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، لێکۆڵینەوە لەبارەى دەنگۆی دزەکردنى 50 هەزار گەشتیارى پاکستانى و کارکردنیان بە شێوەیەکى نایاسایی لە عێراق.
 
وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق رایگەیاند: "نیگەرانین و سەرکۆنەى زۆربوونى کرێکارى نایاسایی دەکەن. پرسی ئەو پاکستانییانە جێگەى گرنگیپێدانیان دەبێت و لێکۆڵینەوە و رێوشوێنى یاسایى پێویست لەبارەیەوە دەگرنەبەر."
 
ئەو هەنگاوەى وەزیرەکەى عێراق دواى ئەوە بوو کە شودرى سالک حوسێن، وەزیرى کاروبارى ئاینى پاکستان رایگەیاند: "50 هەزار هاوڵاتى وڵاتەکەى لە عێراق لە کاتى زیارەتى مانگى موحەڕەم دیار نەماون."
 
هەندێک لە هاووڵاتیانى شیعە مەزهەبی پاکستان، ساڵانە بۆ بۆنە ئاینییەکان سەردانى عێراق دەکەن و ناگەڕێنەوە. ئەحمەد ئەسەدى گوتى: "لە رۆژانى رابردوودا چەندین گەشتیار لەوڵاتانەوە بە پاکسانییەکانیشەوە سەردانى عێراق-یان کردووە، بەڵام هەندێکیان بەبێ رێگەپێدانى یاسایی چوونەتە بازاڕى کارەوە."
 
بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق، نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى لە عێراق کاردەکەن، بەڵام تەنیا 71 هەزاریان بە فەرمى ناوى خۆیان تۆمار کردووە، مۆڵەتى یاسایی کارکردنیان هەیە.