سەرۆکایەتیى کۆمار روونکردنەوە لە بارەى لێبووردنى تایبەت بۆ سەرمایەدارێکى کورد دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق روونکردنەوە لەبارەى دەرکردنى بڕیارى لێبووردنى تایبەت بۆ سەرمایەدارێکى کورد دەدات کە پێشتر سزا دراوە و دەڵێت: رێگرى یاسایی بۆ ئەو بڕیارە نەبووە.  
  
لە روونکردنەوەیەکدا سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، داواکارییەکەى نەوزاد جاف، ئاڕاستەى سەرۆککۆمار کراوە، ئەویش داواکارییکەى ناردووە بۆ فەرمانگەى یاسایی و وەڵامیان ئەوە بووە کە رێگرى یاسایی نییە لەوەى راسپاردە بکرێت بۆ ئەوەى لێبووردنى تایبەتى بۆ دەربکرێت، بەوپێیەى تاوانەکەى لێبووردن دەیگرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى کە تووشی نەخۆشیى شێرپەنجە بووە و بەڵگەنامەى پێویستى لەبارەوە پێشکێش کردووە. 
 
یەکێکى دیکە لە پاساوەکانى پاڵپشتى ئەو داواکارییە ئەوەیە سکاڵاکارى دژ بە نەوزاد جاف، لەبەردەم دادگەى کەتنى کەڕادە لە بەغدا سازشی لە سکاڵاکەى کردووە، ئەوە جگە لەوەى تەمەنى 65 ساڵى تێپەڕاندووە. 
 
ئەو روونکردنەوەیە دواى بڵاوبوونەوەى نووسراوێک بوو کە عەلى  شوکرى، سەرۆکى دەستەى راوێژکارى و شارەزایان لە نووسینگەى سەرۆکوەزیران ئاڕاستەى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە و داوا دەکات لەسەر بنەماى داواى سەرکۆککۆمار و پڕبوونى گرتووخانەکان و دۆخی مرۆڤی و تووشبوونى بە شێرپەنجە و زۆرى تەمەنى، بڕیارى لێبووردنى گشتى بیگرێتەوە.
 
بەگوێرەى روونکردنەوەکە، ئەو پرسە خراوەتە بەردەم لیژنەیەکى دەستەى راوێژکاران و شارەزایانى ئەنجوومەنى وەزیران و ئەوانیش پێیان وابووە رێگرى یاسایی نییە بۆ ئەوەى بڕیارى لێبووردنى گشتى بۆ دەربکرێت و ئەو بۆچوونە یاساییانەش خراونەتە بەردەم سەرۆککۆمار بەوپێیەى راسپاردەکردن بۆ سەرۆکوەزیران دەچێتە چوارچێوەى دەسەڵاتەکانییەوە.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دواکارییەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە نێرداوە بۆ وەزارەتى تەندروستى بۆ وردبینیکردن لە راپۆرتى پزیشکى هاوپێچکراو لەگەڵ داواکارییەکەى و دواى گەڕانەوەى وەڵامەکەى رەزامەندى لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دراوە بۆ ئەوەى ئەو بڕیارى لێبووردنەى بۆ دەربکرێت.
 
تۆمەتبارکردنى نەوزاد جاف لە چوارچێوەى دۆسیەیەکدا بووە لە دژى بانکى شیمال کە ئەو یەکێک بووە لە هاوپشکەکانى لە رێگەى کۆمپانیاى سقوور بۆ بەڵێندەرایەتى.