ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ تاوتوێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەن دەوڵەت لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-7-2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی رای ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکات، لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
کاکەیی، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێ، ئەنجوومەنی دەوڵەت پشتگیری لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان. گوتیشی، بڕیارەکانیان تەواو یاسایی بوون؛ بەڵام رەنگە هەندێک کێشەی سیاسی هەبێ، نەک یاسایی.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە رووداوی گوت "بڕیارەکەی ئەنجوومەن دەوڵەت باش نییە، دواتر بە فەرمی هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنن."
ئەنجوومەنی دەوڵەت لە نووسراوێکدا کە خەسڵەتی بڕیاری وەرگرتووە ئاماژەی بە مادەی 30ـی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمیکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی کردووە و، دەڵێت بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار و جێگرەکانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان تاوەکو کۆتایی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان و هەڵبژاردنی کەسانی جێگرەوەیان لە ئەنجوومەنە نوێیەکان بەردەوام دەبێت.
رۆژی 2ـی تەممووز، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕکرانەوە.
دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە و لە شێوەی سەرزەنشتکردندا ئەوەی روونکردنەوە پێشتر پێیانگوتراوە "پەلە نەکەن"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گۆڕینی بەرپرسانی یەکەکانی کارگێڕی بەپێی رێکاری یاسایی و دەستووری دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەش دەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانیێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.
ئەنجوومەنی دەوڵەت کە پێشتر ناوی "ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت" بووە، لە ساڵی 1929 دامەزراوە، لە ساڵی 1933 یاساکەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە. لەو کاتەوە بۆچوون و بڕیاری خۆی لەبارەی بابەتە کارگێڕییەکان لە عێراق دەدات.