ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی گۆڕانکارییەکانی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دا

25-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی دەوڵەت لە عێراق لە وەڵامی دەستەی هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان، گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرانی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای نەینەوا لەلایەن ئەنجوومەنەکە بە ئاسایی دەزانێت و، هیچ تێبینییەکی لەسەر رێکارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی دووی تەمموز نەداوە.
 
ئەنجوومەنی دەوڵەت لە نووسراوێکدا، کە خەسڵەتی بڕیاری وەرگرتووە و ژمارە (95/2024)ـی هەیە، رۆژی سێشەممە، 23ـی تەمموز بۆ دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لەنێوان پارێزگاکانی ناردووە، بۆچوونی خۆی لەبارەی حوکمەکانی بڕگە ئەلفی مادەی 24 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی عێراق ژمارە 4ـی ساڵی 2024 دەربڕیوە.
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە مادەی 30ـی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمیکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی کردووە و دەڵێت، بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار و جێگرەکانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، تاوەکو کۆتایی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان و هەڵبژاردنی کەسانی جێگرەوەیان لە ئەنجوومەنە نوێیەکان بەردەوام دەبێت.
 
دوای ئەوە ئاماژەی بۆ بەشێک لە دەقەکانی نێو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ناحیەکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو لەبارەی بەردەوامبوونی پارێزگار و جێگرەکانی و سەرۆکی یەکەکانی کارگێڕی دەکات. ئەنجوومەنەکە بە دوو خاڵ، لاری نەبوونی لەسەر بڕیارەکانی کۆبوونەوەی 2ـی تەمموزی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و رێکارەکانی گۆڕینی سەرۆکی یەکەکانی کارگێڕی نیشانداوە کە ئەمانەن: 
 
- ماوەی مانەوە لە پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بە تەواوبوونی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان کۆتایی دێت، ئەوان تاوەکو هەڵبژاردنی جێگرەوەکانیان بەردەوام دەبن.
 
- ئەنجوومەنی پارێزگا قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەکان دوای تەواوبوونی ماوەی مانەوەیان لە پۆستەکانیان هەڵدەبژێردرێن، لەکاتی نەبوونی ئەنجوومەنی قەزاکان، بەبێ گەڕانەوە بۆ حوکمەکانی خاڵی دووی بڕگەی سێیەمی مادەی هەشتی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا.  
 
غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵاکەی خۆمان لە دادگەی کارگێڕی دەکەین و رۆژی 30ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتن بەڕێوەدەچێت. ئێمە، پێمانوایە ئەوەی روویدا نایاسایی بوو، بۆیە سەرۆکی سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان سکاڵامان تۆمارکردووە."
 
بەڵام مەحموود خەڵەف جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پارتی تەقەدووم بۆ رووداو پشتیوانی خۆیانی بۆ بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 2ـی تەمموز نیشاندا و گوتی "ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام بەگشتی ئێستا کارەکان راوەستاون و سکاڵا تۆمارکراوە، چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکانین."
 
رۆژی 2ـی تەممووز، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریى لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕکرانەوە.
 
دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە و لە شێوەی سەرزەنشتکردندا ئەوەی روونکردنەوە پێشتر پێیانگوتراوە "پەلە نەکەن"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گۆڕینی بەرپرسانی یەکەکانی کارگێڕی بەپێی رێکاری یاسایی و دەستووری دەبێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەش دەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانیێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.
 
ئەنجوومەنی دەوڵەت کە پێشتر ناوی "ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت" بووە، لەساڵی 1929 دامەزراوە، لەساڵی 1933 یاساکەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە. لەو کاتەوە بۆچوون و بڕیاری خۆی لەبارەی بابەتە کارگێڕییەکان لە عێراق دەدات.
 
پێشتر بەشێک بوو لە وەزارەتی دادی عێراق، بەڵام دوای هەموارکردنەوەی یاساکەی وەکو دەستەیەکی سەربەخۆ ناسێندرا کە ئەرکی دادگەی کارگێڕی و فەتوا و داڕشتنە یاساییەکان دەبێت، ئەنجوومەنەکە بە مەرجەعی بڕیار و دادگە کارگێڕییەکان لە عێراق هەژمار دەکرێت.
 
دادگەی کارگێڕی، دادگەی فەرمانبەران، دادگەی باڵای کارگێڕی، سێ لە دیارترین دادگەکانی سەر بەو ئەنجوومەنەن.
 
دادگەکە بەپێی ئەرکەکانی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو بابەتانەوە دەدات, کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان دەخرێتە بەردەستی، نێوبژیوانی لەو کێشانەدا دەکات لەنێوان وەزارەت و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەتەوە روودەدەن، لەگەڵ ژمارەیەک ئەرکی دیکە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاری هەولێر لە وەرزی زستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

شەپۆلێکی باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

لە بەیانیی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ ژمارەیەک ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. سبەی باران دەستپێدەکات و رۆژی هەینی بارانەکە لە هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە.