وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەبەخشێتە ئەفسەرێکی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی پلەی یەکی لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ دەبەخشێتە بەرپرسێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وەزارەتەکەش پێیوایە: "دەستکەوتێکی نوێیە."
لە رێوڕەسمێکدا، کە 24ـی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوو، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتی پلەی یەکی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مافی بە مرۆڤی لە جیهان بەخشی بە عەمیدی مافپەروەر مستەفا رەزا یاسری، بەڕێوەبەری ئێستای رێوڕەسمەکان و بەڕێوەبەری پێشووی بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ.
خەڵاتەکە لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە لە رێوڕسمێکی فەرمی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ساڵانە رێکیدەخات بەخشرا.
خەڵاتەکەی ئەم ساڵ بەخشرایە 10 کەس، بەهۆی هەوڵە تایبەتەکانیانەوە لەو بوارە، وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردووەتەوە، ئەوانەشی خەڵاتەکەیان پێبەخشراوە لەم وڵاتانەبوون، بەنگلادیش، پۆلیڤیا، کوبا، عێراق، کینیا، مالی، فلیپین، سربیا، ئیسپانیا، سورینام.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی خەڵاتکردنی ئەو ئەفسەرە رایگەیاندووە: "خەڵاتەکە بۆ هەوڵ و کۆششەکانی عەمید مستەفا یاسری و ئەو پشتیوانییە گەورە و بەردەوامەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆ لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەگەڕێتەوە."
لە رێوڕەسمەکەدا ئەو عەمیدە عێراقییە بە "پاڵەوانی جیهانی" ناسێندراوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بازرگانیی بە مرۆڤ.
عەمید مستەفا یاسری، لەبارەی خەڵاتەکەوە رایگەیاندووە: "خەڵاتەکە بەڵگەیە لەسەر پێگەی عێراق لە بەرنگاربوونەوەی تاوانەکان و رێزگرتن لە مافەکان وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی، بەرپرسیارێتییەکی یاساییشە کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ناوەوە و دەرەوە دەیکات."
رۆژی 17ـی مانگی رابردوو، عەمید سەرمەد موسەدەق، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند ساڵی رابردوو 1886 کەسیان لەچوارچێوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیر کردووە.
دەستگیرکراوەکان 1230یان سواڵکەر "دەرۆزەکەر" بوون، 636ـی دیکەشیان بە تۆمەتی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیرکراون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، 252 کەس، کە بە تۆمەتی بازرگانیی بە مرۆڤ دەستگیرکراون، سزادراون. 204کەسیش قوربانیی بازرگانیی بە مرۆڤ بوون و 202 کەسیش تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییان دراوەتە پاڵ.