رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسی فەلەستین، رەتیدەکاتەوە رێککەوتن و پێشنیاز هەبووبێت بۆ گواستنەوەى نووسینگە و سەرکردەکانى ئەو بزووتنەوەیە لە قەتەرەوە بۆ عێراق، بە رووداى گوت "ئەو بیرۆکەیە نەخراوەتەڕوو."
باسم نەعیم، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماس بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هیچ بڕیار و رێککەوتنێک بۆ گواستنەوەى نووسینگە و سەرکردەکانى بزووتنەوەکەى لە قەتەرەوە بۆ عێراق نییە، بەهۆى دروستبوونى گوشار لەسەریان لەبارەى جەنگى نێوان ئەو بزووتنەوەیە و سوپاى ئیسرائیل لە شارى غەززەى فەلەستین.
باسم نەعیم گوتى "تەنانەت ئەو بیرۆکەیە باسیش نەکراوە و راست نییە."
رۆژنامەى زە ناشینالى ئیماراتى بڵاویکردەوە مانگى ئایارى رابردوو تاوتوێى پێشنیازێک کراوە بۆ ئەوەى نووسینگەى بزووتنەوەکە و سەرکردەکانیان لە قەتەرەوە بۆ بەغدا بگوازرێنەوە.
مانگى حوزەیرانى رابردوو بزووتنەوەى حەماس نووسینگەیەکى لە بەغدا کردەوە، محەممەد حافى کە سەرکردەیەکى بزووتنەوەکەیە سەرپەرشیی ئەو نووسینگەیە دەکات.
ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوى حەماس رایگەیاند، کردنەوەى ئەو نووسینگەیە پرسێکى جیاوازە لەوەى کە باس دەکرێت لەبارەى گواستنەوەى نووسینگە و سەرکردەکانى بزووتنەوەکەى لە قەتەرەوە بۆ بەغدا.
گوتیشى "ئەو نووسینگەیە کارى پەیوەندییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان وەک پارتێکى سیاسی نەوەک وەک نوێنەرى دیپلۆماسیی فەرمیى فەلەستین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ