رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری لقێکی بانکی رافیدەینی حکومەتی عێراقی راگەیاند، بە تۆمەتی ئەوەی پێشێلکاریی یاسایی کردووە لە پێدانی پێنج ملیار دینار بە کەسێک، کە بە نیازی دامەزراندنی زانکۆیەکی ئەهلی بووە لە قەزای فەللوجە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "فەرمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی لقی بانکی رافیدەین لە پارێزگای ئەنبار بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکات، جێبەجێکرا."
بەپێی دەستەکە تۆمەتبارەکە بەڕێوەبەری لقی بانکی رافیدەینی حکومەتە لە ناوچەی سەقڵاوییەی پارێزگای ئەنبار. تۆمەتەکەشی ئەوە بووە، کە: "پێنج ملیار دیناری بە قەرز داوەتە کەسێک کە ویستوویەتی زانکۆیەکی ئەهلی لە قەزای فەللوجەی پارێزگای ئەنبار بکاتەوە، بەڵام پشتی بە پشکنینی ناڕاست بەستووە، کە زێدەڕۆیی تێدا کراوە."
بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق، قەرزەکە لەسەر بنەمای لیژنەی پشکنینی خانووبەرە دراوە، دەرکەوتووە زێدەڕۆیی لە خەمڵاندنی بەهای ئەو خانووە کراوە، کە خاوەن قەرزەکە وەکو بارمتە لە بری وەرگرتنی قەرزەکە دایناوە.
بەڕێوەبەری لقی ئەو بانکەی حکومەتی عێراق بەپێی مادەی 340ـی یاسای سزادانی عێراق دەستگیرکراوە، فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ کەسێکی دیکە دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە، چونکە لەسەر میلاکی ئەو بانکە بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ