رووداو - بەغدا
بەراورد بەو رۆژانەی هێشتا هێرش نەکرابووە سەر خواردنگەکانی کەی ئێف سیی ئەمریکی، خەڵکێکی زۆری تێدا دەبیندران و جمەیان دەهات، بەڵام ئێستا کەمتر خەڵک روویان لێدەکەن، ئەوەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا خەڵک ترسیان هەیە لەوەی لەکاتی نانخواردن لەو خواردنگانە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان بکەنەسەر و زەرەر و زیانیان بەربکەوێت.
لەدوای هێرشی گرووپە چەکدارەکان، لەو شەقامانەی بڕاندە ئەمریکییەکانیان تێدا هەڵکەوتووە، خەڵک کەمتر و هێزە ئەمنییەکان زیاتر دەبیندرێن، بە شێوەیەک کە دووکاندارانی دوور و نزیک لە براندەکانیش دەڵێن، "بازاڕمان نەماوە."
باوکی عەلی، دووکاندار دەڵێت، "رزقمان وەستاوە، خەڵک دەترسن، خەڵک شوێنی پاک و خاوێن و ئەمانی دەوێت، ئێستا خەڵک دەترسن؛ جارێک، دوان و سێ جار روویداوە. بە دڵنیاییەوە خەڵک دەترسێت، نایەتە چێشتخانەکە. کاریگەریی لەسەر هەموو شەقامەکە کردووە، نەک هەر من بە تەنیا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەمووان هەیە."
بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، هێشتاش لە کۆی 10 خواردنگە و براندی ئەمریکی، 8یان بە داخراوی ماونەتەوە و دەیان کرێکاریان بێکار ماون.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "ئەم بابەتەمان باسکرد و پاسەوانمان بۆ هەموو ئەو شوێنانە دابین کرد. لە زیاتر لە بۆنەیەکیش باسمان کرد. ئەو بەرژەوەندییەی لە عێراق هەیە، بەپێی یاسا پارێزراوە. هەموو ئەوانەی لە عێراقدان، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی سەر بە چ وڵاتێکە، لەژێر پاسەوانیکردنی وەزارەتی ناوخۆیە."
تائێستا لەژێر ناوی پشتیوانی لە غەززە، گرووپە تووندڕەوەکان پێنج جار هێرشیان کردووەتەوە سەر خواردنگە و براندە ئەمریکییەکان.
ئەو هێزانەی پێشتر شەڕی داعشیان دەکرد، ئێستا خواردنگەکان دەپارێزن. دوو ئاراستەی پێچەوانە لە بەغدا دەبیندرێن، یەکێکیان کۆنترۆڵکردنی هەوڵی ئەو گرووپە چەکدارانەیە بۆسەر چێشتخانەکان و ئەوی دیکەیان پیشاندانی هێزی گرووپەکانە لەنێو بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ