دادگەی فیدراڵی بۆ جاری دووەم سکاڵاکەی سوودانی دواخست

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی بۆ جاری دووەم دواخست، کە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لە دژی مادەیەکی یاسای بودجەی گشتی لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماریکردووە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکان، دوێنێ (دووشەممە، 24ـی حوزەیران) دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی کرد لەدژی مادەی 71ـی یاسای بودجەی 2023ـی عێراق لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە. دواتر بڕیاریدا سکاڵاکە بۆ رۆژی دووشەممە، 5ـی ئابی 2024 دوابخات.
 
سوودانی لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادەیەی کردووە و بە دادگەی گوتووە مادەکە بە نایاسایی بزانێت.
 
مادەی 71ـی یاسای بودجەی گشتیی 2023، 2024 و 2025، پەرلەمان حکومەتی عێراقی پابەندکردبوو تاوەکو رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2023، کۆتایی بە کاری بەوەکالەتی سەرجەم بەڕێوەبەرەکان بهێنێت و پۆستەکان بەوەکالەت بەڕێوەنەبرێن، حکومەتیشی پابەندکرد سەرجەم دەرماڵەکانی دارایی و دەسەڵاتە کارگێڕییەکان رابگیرێت، ئەگەر دوای ئەو کاتە بەردەوام بێت، بەڵام دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە و تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ، هێشتا ئەو کارە نەکراوە.
 
بەپێی مادەکە، دەبێت حکومەت مانگێک پێشتر ناوی ئەو کەسانەی دەکرێنە سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان، پلەکانی تایبەت، بریکارانی وەزارەت و راوێژکاران رەوانە بکات و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەی مانگێکدا پەسندیان بکات.
 
رائید مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت یەکێکە لە دیارترین ئەو قەیرانانەی لە عێراقدا هەیە، ژمارەی ئەو پۆستانەی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن بە هەزارانن، دەمانەوێت ئەو دۆسیەیە دابخرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە ماوەی دوو ساڵی پێبدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەڕێوەبەران و پۆستە بەوەکالەتەکان پڕبکاتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان لە عێراق زیاتر لە دوو هەزار پۆست بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەشی زۆریان بەڕێوەبەرانی گشتین، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، 57 بەڕێوەبەری گشتی لەسەر کار لابرد، بەشێکیان بەوەکالەت پۆستەکانیان بەڕێوەدەبرد.