سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق: زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو ئازادکراون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو و راگیراو ئازاد کراون، کە ماوەى حوکمەکانیان تەواو کردووە یان سزاکانیان بە بڕیارى دادگە هەڵوەشێندراوەتەوە.
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بە فەرمانى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لیژنەیەک بۆ وردبینى لە دۆسیەى تۆمەتباران پێکهێندراوە. لە دواى ئەوەى چەندین سکاڵان پێگەیشتووە و لە رێگەى ئەو لیژنەیەوە زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو و راگیراوەکە ئازاد کراون.
 
ئەو لیژنەیە لە نوێنەرانى سەرۆکایەتیى کۆمار، وەزارەتەکانى ناوخۆ و داد، ئەنجوومەنى باڵاى دادەوەرى و راوێژکاریێتى ئاسایشى نەتەوەیی پێکهاتووە.
 
سەرۆکایەتى کۆمار ئاماژەى بەوە داوە، ئەو هەنگاوە لە پەرۆشیان بووە بۆ جێبەجێکردنى پێوەرەکانى مافى مرۆڤ لە ناوەندەکانى راگرتن و بەندکردن، بۆ ئەوەى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا خێرا بکرێت بەگوێرەى پێوەرە دادەوەرییەکان.
 
هەندێک لە بەندکراوان لە عێراق بەتایبەت ئەوانەى لە پێکهاتەى سوننەن، سەرەڕاى تەواوبوونی سزاى بەندکردنیان ئازاد نەکرابوون، هەندێکى دیکەیان داوایان دەکرد وردبینى لە دۆسییەکانیاندا بکرێتەوە بە پاساوى ئەوەى بە "نادادوەرى" سزادراون.