رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە هەواڵی تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون لە ناوچە نایابەکانی بەغدا بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بڵاوبووەتەوە. ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و شەقامی عێراقی تووڕەکردووە.
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ (شەممە، 25-05-2024) بە رووداوی گوت، ئەو هەواڵەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە "راست نییە."
فەیلی روونیکردەوە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا فەرمانبەر هەیە، ئەمینداریێتی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی یاسا، زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت تەرخان دەکات. لیژنەیەک بۆ فەرمانبەران هەیە، کە بەدواداچوون بۆ زەویی فەرمانبەرانی ئەنجوومەن دەکات، نەوەک زەوی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن.
ئەندامەکەی ئەنجوومەن گوتیشی، یاسا و رێنماییەکانی دەوڵەت بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ دەکرێن، ئەوەی سەبارەت بە نووسراوی تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەندامانانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لێوە دەکرێت، ناڕاستە. زۆربەی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنیش خۆیان لەمە بێبەری کردووە.
رۆژی 24-05-2024، رائید حەمید هماش، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا نووسراوێکی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە، تێیدا کشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەرخانکردنی زەوی نیشتەجێبوون راگەیاند و، دەڵێ "بەبێ ئاگاداریی خۆم، کراومەتە سەرۆکی لیژنەکە، داوای لێبوردن دەکەم و دەکشێمەوە."
هماش دەڵێ پێکهێنانی لیژنەکە لەسەر پێشنیازی ئەندامانی ئەنجوومەن بووە و، بۆ تەرخانکردنی زەوی بووە بۆ فەرمانبەرانی ئەنجوومەن.
نووسراوێک لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێ رۆژی 20-05-2024 بە بڕیاری عەمار حوسێن قەیسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لیژنەیەک سەبارەت بە تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، پێکهێنراوە، لیژنەکە پێکهاتووە لە رائید حەمید فەرەج حەسەن هماش سەرۆک و ئەندامیێتی سەفا حوسێن یاسین مەشهەدانی و زیا عاید کیلابی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ