حەلبووسی: رۆژی شەممە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت

25-05-2023
نەهرۆ محەممەد
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن بودجەی 2023
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە 27ی ئایار پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، کۆدەبێتەوە.
 
شەوی رابردوو محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لە دوایین کارەکانی دایە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆژەیاسای بودجە بداتە پەرلەمان.
 
سەبارەت بە وادەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "پەنابەخوا رۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات".
 
رۆژی چوارشەممە 25-05-2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 98٪ـی کارەکانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بووە، تەنیا مادەکانی 13 و 14ـی نێو پڕۆژەیاسای بودجە ماون و دەبێت یەکلایی بکرێنەوە.
 
نەرمین مەعرووف گوتى: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی شەممە (27ـى ئایار) پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدات."
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن و دینارە. 
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کرد و دەستەواژەیەکى لابردووە کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان "نابێت زیاتر بێت لە داهاتى نەوتى داهاتى دەروازە سنوورییەکان." 
 
رۆژی 21ـى ئایارى 2023، ئەو بڕگەیە لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پەسندکرا، بەمەبەستى جێگیرکردنى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەر لەوەى لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر بدرێت.  
 
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبوو، ئەگەر نرخى نەوت بەرزبێتەوە و داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان زیادبکات، پشکى هەرێمى کوردستان ناگۆڕێت، لە کاتێکدا پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساکە کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە