خۆپێشاندەرێک لە بەغدا باسی رفاندن و شێوازی ئەشکەنجەدانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان و ئاشکرا نەکردنی بکوژانی خۆپێشاندەران و چالاکڤانان جارێکی دیکە خۆپێشاندەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ھێنایەوە سەر شەقام، بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق، کوژراوێک و پێنج بریندار هەن.
 
ئەنتیسار ناھی، کەسایەتییەکی دیار و چالاکڤانی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019ـیە دوای رفاندن و ئەشکەنجەدانی لە ساڵی 2020 دیسانەوە هاتووەتەوە و هانی خۆپێشاندەران دەدات. ئنتیسار ناھی لەبارەی ئەو کاتەی کە رفێنراوە دەڵێت، "گوشاریان لێدەکردم کە دانی پێدابنێم کە رۆڵەی بەعسین و باڵیۆزخانەکان پشتگیریمان دەکەن، منیش رازی نەبووم ئیدی دەستیان بە ئەشکەنجەدانم کرد".
 
لەبارەی شێوازی ئەشکەنجەکەوە ئەو چالاکڤانە دەڵێت، "لەسەر کورسی کارەبایی دایان نیشاندم کەسم نەبینی سێ رۆژ چاوم بەسترابوو ئیدی بە راکێشان و ئەشکەنجە بڕبڕەی 12ی پشتم شکا دواتر وەزیری تەندروستی چارەسەری لە ئەستۆ گرتم بەڵام چارەسەریان نەکردم، بەڵکو شۆڕشگێرانی ناسری و کوت بەھانامەوە ھاتن و منیان برد بۆ حارسیە". 
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون و زیاترلە 20 هەزاری دیکەش برینداربوون. 
 
ئەحمەد جەبار، چالاکڤانێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتووین بۆ خۆپێشاندان بۆ داواکاری ئەمە شۆڕشی ئیھاب وەزنییە شۆڕشی کێ منی کوشت، داوادەکەین بکوژانی ئیھاب وەزنی ئاشکرا بکرێن، داواش دەکەین یاسایێکی ھەڵبژاردنی دادپەروەرانە و کەشوھەوایێکی ئاسایی بۆ ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، داوادەکەین پرۆسەی کوشتن رابگیرێت کە رۆژانە وەکو ئیھاب و سەفا دەکوژرێن بۆیە هاتووین بۆ خۆپێشاندان".
 
حەمادە قەدوری، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "داوای ژیانی شایستەمان کرد، رۆڵەکانمان دەکوژن. ئایا ئێمە چیمان کردووە تەنھا ژیانێکی شایستەمان دەوێت، کەچی رۆڵەکانمان دەکوژن لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا تەنها داوای ژیانێکی ئاساییمان کردووە لە باکوور تاوەکو باشوور داوای مافی خۆمان دەکەین، بەڵام دەکوژرێن". 
 
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە ماوەی یەک ساڵدا 48 چالاکڤان کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش رفێندراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسی 36ـیان نادیارە.