101 خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش دەگەڕێندرێنەوە موسڵ


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگای موسڵ و هێرشکردنە سەر ئەو خێزانانەی دەگەڕێندرێنەوە عێراق، ئەمڕۆ ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش لە کامپی هۆلەوە دەگوازرێنەوە پارێزگای نەینەوا و لە کامپی جەدعەی باشووری موسڵ نیشتەجێ دەکرێن.
 
دوای گەیشتنەوەی ئەو خێزانانە بۆ نێو خاکی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سوپا و پۆلیسی نێوخۆ یاوەریان دەکەن تاوەکو کامپی جەدعا، دوای نیشتەجێکردنیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری دەکرێن کە بەشی هەرە زۆریان هاوژین و منداڵانی چەکدارانی داعشن، بەڵام ژمارەی پیاوان زۆر کەمە، ژمارەی ئەوانەشی ئەمڕۆ دەگەنەوە عێراق نزیکەی 500 کەس دەبن.
 
بەشێکی لە کەسوکاری ئەو خێزانانە بۆ پێشوازی هاتوونەتە سەر سنوور و دەڵێن، ئەو خێزانانە پەیوەندیان بە داعشەوە نییە و پێویستە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، باس لەوەش دەکەن ئەگەر بێت و پەیوەندیان بە داعشەوە هەبێت حکومەت دەتوانێت رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەریان بگرێتەبەر.
 
بە گوتەی نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا کە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی کردووە، گواستنەوەی ئەو خێزانانە لەسەر رەزامەندی ئەوان نەبووە، مەترسی ئەوە هەیە دوای گەڕانەوەی ئە خێزانانە جارێکی دیکە جموجۆڵەکانی داعش لە دەشتی نەینەوا سەرهەڵبداتەوە.
 
پێشتر شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، وێڕای ناڕەزایی بەرپرسان و خەڵکی پارێزگای نەینەوا، بڕیارە رۆژی سێشەممە هەزار کەس لە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش لە کامپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق، کە زیاتر لە 30 هەزار عێراقی لەو کامپەدان.
 
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، لە گەڕانەوەی ئەو کەسانەدا پرس و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی نەینەوا نەکراوە؛ نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا نووسراوی بۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا ناڕەزایی دەربڕیوە لە گەڕانەوەی ئەو کەسانە لە کامپی هۆلەوە بۆ کامپی جەدعەی باشووری موسڵ، هاوکات هۆشداریی ئەوەشی داوە، لەوەی خەڵکی ناوچەکە ناڕازین و ئەگەر هەیە هێرش بکەنە سەر ئەو کەسانەی دەگەڕێندرێنەوە.
 
کامپی جەدعە یەکێکە لەو کامپانەی تایبەتن بە نیشتەجێبوونی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە عێراق، کامپەکە لە سنووری گەیارەیە لە پارێزگای نەینەوا.
 
لە کامپی هۆل نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتیی عێراقی هەن کە 18 هەزار و 800یان خەڵکی پارێزگای ئەنبارن، چوار هەزار و 400یان خەڵکی نەینەوان، زیاتر لە سێ هەزاریان خەڵکی سەلاحەدینن و ئەوانی دیکەیشیان خەڵکی کەرکووک، بەغدا، بابل و دیالەن.
 
پێشتر مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە لە تویتێكدا داوای لە وڵاتانی بیانی كرد هاووڵاتیانیان بگەڕێننەوە و هاوكاریی مرۆیی زیاتری كەمپی هۆل بكەن، ئەوەش بۆ "باشتركردنی گوزەرانی دانیشتووانەکەی".
 
هاوکات شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ بەرپرسانی عێراق رێککەوتوون کە 500 خێزانی عێراقی دانیشتووی کامپی هۆل بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە، کە لەنێویاندا ژن و منداڵانی داعش هەن. ئەو بڕیارەش دەبوایە دەمێک پێش ئێستا جێبەجێ بکرابایە، بەڵام هۆکاری دواکەوتنەکەی پەیوەندیی بە حکومەتی عێراقەوەیە."
 
بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیارە هەر جارەی 100 خێزان لەو 500 خێزانە بگەڕێندرێنەوە. وەکو هەنگاوی یەکەم 380 عێراقی لە کامپی هۆلەوە بۆ عێراق دەگەڕێندرێنەوە کە بەشی زۆریان لە ژن و منداڵ پێکهاتوون و ژمارەیەک پیاوی بەتەمەنیشیان لەنێودان. حکومەتی عێراق خۆی بڕیار دەدات لە کوێ نیشتەجێیان دەکات، ئەمەش بابەتێکە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە."
 
شێخمووس ئەحمەد گوتیشی "بە گونجاوی نازانم ئەو کەسانە دووبارە بۆ کامپێكی دیکە بگوازرێنەوە. بەڵکو باشتروایە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و کار لەسەر ئەوە بکرێت تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە تاوەکو دەستبەرداری هزری تووندئاژۆیی ببن".
 
بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتیشی "ئێستا لە کامپی هۆل و کامپی رۆژ بەگشتی 31 هەزار کەسی عێراقی هەن، کە لە نزیکەی هەشت هەزار خێزان پێکهاتوون. تەنیا لە کامپی هۆل نزیکەی 60 هەزار کەس هەن، کە لە 16 هەزار خێزان پێکهاتوون و هەشت هەزار خێزانیان عێراقی، دوو هەزار و 500 خێزانی بیانی و ئەوانی دیکەش سووری و خەڵکی ناوچەکەن".