مالیکی: بەرپرسی رووداوی سپایکەر لەبری لەسێدارەدان پۆستی پێدراوە

25-05-2017
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن مالیکی
A+ A-

رووداو - هەولێر

نووری مالیکی رەتیکردە بەنیازی لێپرسینەوە و لەسەرکارلابردنی حەیدەر عەبادی بێت و راشیگەیاند، ئەو فەرماندە سەربازییەی کە هۆکاری رووداوی سپایکەر بوو، لەبری ئەوەی لەسێدارە بدرێت، کراوەتە بەرپرسی کۆلیژی سەربازیی.

نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رەتیکردەوە، لەدوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە دەست داعش، دەوڵەتی یاسا بەنیاز بێت لێپرسینەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان ئەنجامبدات و لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە. مالیکی دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک شتی وانییە" و هەڵوێستی هەبووە بۆ پاراستنی حکومەتی ئێستای عێراقی.

هاوکات هەموو ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە، کە گوایە لە پشت دروستکردنی "دەوڵەتی قووڵایی"یە بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم کارەکانی حکومەتی ئێستا. ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیاز نییە بگەڕێتەوە دەسەڵات.

هەروەها قسەکانی عەبادی لەبارەی بە تاڵی خەزێنەی دەوڵەتی رەتکردەوە لەکاتی رادەستکردنی دەسەڵات و ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی رادەستکردنی دەسەڵات، خەزێنەی عێراق شەش ملیاری دۆلاری تێدابووە.

مالیکی، کە لەکاتی هاتنی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لە خاکی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق  بوو ئاماژەی بەوەکرد، فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراقی لە پارێزگای سەلاحەددین لە ساڵی 2014دا هۆکاری روودانی تاوانی سپایکەر بوو، بە رێنمایی لایەنی سیاسی پاشەکشەی کرد، بەڵام لەبری ئەوەی لەسەر ئەو کارە دادگایی بکرێت و لە سێدارەبدرێت، کەچی  پۆستی بەرپرسی کۆلیژی سەربازی پێدراوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە