عەلی عەللاق: هاوپەیمانی فەتح لەپشت خۆپیشاندانەكانی حەشدی شەعبییە
رووداو- هەولێر
سەركردەیەكی پارتی دەعوەی ئیسلامی رایگەیاند، چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانی فەتح هەوڵدەدەن كێشە لەنێوان حەشدی شەعبی و سەرۆكوەزیرانی عێراق دروستبكەن.
عەلی عەللاق، سەركردە لە پارتی دەعوەی ئیسلامی دەڵێت "هەندێك لایەن لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان هاندەدەن لەپێناو خستنی حەیدەر عەبادی، ئەوەش بە ئامانجكردنێكی ئاشكرایە و مەبەست لێیی هەڵبژاردنەكانە".
عەللاق گوتیشی "ئەو لایەنانەی دەیانەوێ كێشە لەنێوان حەشدی شەعبی و عەبادی دروستبكەن، بێگومان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان هاندراون، عەبادیش سوورە لەسەر هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، هەر بۆخۆشی فەرمانی دیوانی دەركردووە، ئێستاش وردەكاری لە دۆسێی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا دەكرێت و رێكارەكانيش لەلایەن وەزارەتی دارایی دەگیرێنەبەر، ئەو رێكارانەش پێویستیان بە كات و ماندوبوونی چڕوپڕ هەیە تاوەكو تەواودەبن".
هادی عامری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی هاوپەیمانی فەتح، کە زیاتر لایەنەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە: حەکیم داود