رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق دەریدەخات 387 موڵک بەناوى بەرپرسانى حیزبى بەعسەوەن؛ 175یان بەناوى خێزانى سەدام حوسێنن.
لیژنەى پارێزگارى لە موڵکى دەوڵەت لە پەرلەمانى عێراق راپۆرتى خۆى لەبارەى موڵک و ماڵى دەسەڵاتدارانى حیزبى بەعس رادەستى پەرلەمان کرد.
راپۆرتەکە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا لیژنەکە 387 موڵکى دەسەڵاتدارانى پێشووى حیزبى بەعسى لە 9 پارێزگاى عێراق تۆمارکردووە کە 281یان لە سنوورى بەغدان.
61 لەو موڵکانەى بەرپرسانى حیزبى بەعس لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدینن کە زێدى لەدایکبوونى سەدام حوسێنە.
موڵکەکانى دیکە لە ئەنبار، دیالە، زیقار، واست، بابل، کەرکووک و نەینەوان.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راپۆرتى لیژنەکە یەکلاییکردنەوەى رێوشوێنەکانى تایبەت بەو موڵکانەیە، تاوەکو دواتر کاریان لەسەر دەکرێت".
پشکی سەدام حوسێن و خێزانەکەى 175 موڵکە. بەگوێرەى راپۆرتەکە، سەدام حوسێن زەوییەکى کشتوکاڵى، باخێک و موڵکێکى دیکەى بەناوەوەیە کە وردەکاری لەبارەیان نییە و هەموویان لە بەغدان.
لیژنەکە دەڵێت، عودەى کوڕى سەدام حوسێن 75 موڵکى بەناوەوەیە کە 34یان زەویى کشتوکاڵین و 11یان خانوون؛ قوسەى کوڕى سەدام 36 موڵکى بەناوەوەیە کە 13یان زەویى کشتوکاڵین و سێیان خانوون؛ ئەو دوو کوڕەى سەدام حوسێن بە هاوبەشى موڵکێکیان بە ناوەوەیە.
ساجیدەى هاوژینى سەدام 18 موڵکى بەناوەوەیە کە سێ خانوو و سێ زەویى کشتوکاڵى لەخۆدەگرن؛ رەغدى کچى سەدام 25 موڵکى بەناوەوەیە کە 15یان زەویى کشتوکاڵین؛ رەنای کچى سەدام حوسێن 5 موڵکی بەناوەوەیە کە سیانیان زەویى کشتوکاڵین؛ حەلاى کچى سەدام 9 موڵکى بەناوەوەیە کە پێنجیان زەوى کشتوکاڵین.
لە راپۆرتەکەدا ناوى سەمیرە شاهبەندەر هێنراوە کە دەگوترێت هاوژینى دووەمى سەدام حوسێن بووە و چوار موڵکى لە بەغدا بە ناوەوەیە.
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەدا کە ئەگەر بەرپرسێکی حیزبى بەعس بەرپرسیارێتییەکەى باڵا بووبێت و بەو هۆیەوە دەوڵەمەند بووبێت موڵکەکەى نادرێتەوە، بەڵام ئەگەر مافى کەسى خۆى بووبێت لێى وەرناگیرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ