رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی دا لە سەرەتاى وەرزى هاوینەوە دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى بەرهەمهێنانى وزەى نوێبووەوە بکرێت.
ئەو فەرمانەى محەممەد شیاع سوودانى بۆ ئەندامانى تیمى نیشتمانى وزەى نوێبووەوە بوو لە حکومەتەکەى، لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەکانى وزەى نوێبووەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لێکردوون بەربەستەکانى بەردەم ئەو پڕۆژانە لابدەن و دەرفەت بدەنە کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت بۆ ئەو پڕۆژانە.
لە وەرزى گەرمادا، عێراق پێویستى بە نزیکەى 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەهۆى سزاکانى ئەمریکا، هاوردەکردنى کارەبا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران راگیراوە، بەرهەمى ئێستاى کارەبا لە عێراق نزیکەى 20 هەزار مێگاواتە.
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى خستنەڕووى کەمکردنەوە کراوە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى وزەى نوێبووەوە لە رێگەى پانێڵى بەرهەمهێنانى وزەى خۆر کە 100 قوتابخانە و پێنج ناوەندى تەندروستى دەگرێتەوە.
دانانى پانێڵى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆرەوە لە عێراق، بە گوێرەى دەستپێشخەریی بانکى ناوەندییە، بۆ ئەوەى قەرزى بچووک بدرێتە هاووڵاتییان و دامەزراوەکان، بۆ ئەوەى سیستمى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى نوێبووەوە دابنێن، وەک پابەندبوونێک بە رێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگرى لە کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ