دوای یەک رۆژ لە دەستبەکاربوونی، پارێزگاری دیالە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای رۆژێک لە دەستبەکاربوونی وەکو پارێزگاری دیالە، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردنی پارێزگاری دیالەی لە پۆستەکەی تاوەکو ئەنجوومەنی پارێزگا پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێرێت هەڵوەشاندەوە.
 
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ئەو کەسەی بۆ ئەو ئەرکە راسپێردراوە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش دەڵێت: "هێشتا رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی نییە."
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک، کە رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، لەلایەن د. کازم کەریم عەلی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری یاسایی لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە واژۆکراوە، دانانی موسەننا تمێمی، پارێزگاری پێشووی دیالە لە پۆستەکەیدا تاوەکو هەڵبژاردن بۆ پارێزگاری نوێ دەکرێت، رەتکراوەتەوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "پارێزگاری پێشوو وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندی یاسایی خواردووە و لە رۆژی 5ـی شوباتی 2024 دەستی لەکارەکەی هەڵگرتووە، بۆیە بەپێی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراو، نابێت کەسێک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت و پۆست یان کارێکی دیکەی فەرمی هەبێت، بۆیە بەردەوامبوونی لە پۆستی پارێزگار هیچ پشتیوانییەکی یاسایی نییە."
 
ئەو نووسراوەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران لە دوای نووسراوێکی موسەننا تمێمی دێت، کە رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024 دەرچووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەستی بە کارەکانی وەکو پارێزگار بۆ راییکردنی کاروباری رۆژانە کردووە.
 
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەبارەی کێشەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان چەند جارێکە ئەنجوومەنی پارێزگا ناتوانێت کۆببێتەوە و پارێزگار و جێگرەکانی هەڵبژێرێت، چاوەڕوانی کۆبوونەوەکانی داهاتووین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوون نەیتوانی کۆببێتەوە و دانیشتەکە بە کراوەیی مایەوە، ناکۆکیی نێوان هێزەکانی سوننە و شیعە و پەرتەوازەبوونی شیعەکان لەنێوخۆیاندا دوو هۆکاری سەرەکیی رێکنەکەوتنی لایەنەکانن.
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەمشێوەیە بوون:
 
- هاوپەیمانی دیالەتونا، لە دەوڵەتی یاسا و عەقدی نیشتمانی و چەند هێزێکی دیکەی شیعە پێکدێت: 4 کورسی
 
- هاوپەیمانی سیادە، بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر: 3 کورسی
 
- هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی: 3 کورسی
 
- هاوپەیمانی 'ئیستیحقاقی دیالە'، هادی عامری و عەسائیبی ئەهلی حەق: 2 کورسی
 
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 1 کورسی
 
- هاوپەیمانی عەزمی عێراق بەسەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی: 1 کورسی
 
- هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، بەسەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی: 1 کورسی