پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆدەبێتەوە

25-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەنگدان بە پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق کۆدەبێتەوە. پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: "یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەبوو لە سەرجەم پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە لەیەک رۆژ هەڵبژاردن بکرێت."
 
کاژێر 8:00ـی ئەمشەو شەممە، 25-03-2023، پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو تەوەر کۆدەبێتەوە. یەکەم دەنگدانە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە دەنگدان هەیە لەسەر قایلبوون یان نەبوونی پەرلەمانتاران لەبارەی وەڵامی ئەنجوومەنی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی، پەیوەست بەو سەرپێچییانەی پێشتر گوایە لەو تۆڕەدا کراون. 
 
پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 15 ماددە پێکدێت، رۆژی دووشەممە، 20ـى ئادار، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر حەوت ماددەی پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ ئەمڕۆ شەممە، 25ـى ئادار هەڵگرت، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ بۆ دەنگدان بەو هەشت ماددەی دیکە کە لە پڕۆژەکە ماوە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. 
 
شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو کورد یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە وەک هەر پارێزگایەکی دیکە لە کەرکووکیش هەڵبژاردن بکرێت، پەرلەمان لە کۆبوونەوەی رابردوودا، 6ـى تشرینى دووەمى 2023ـى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد، بۆیە داوامان کرد لە هەمان بەروار هەڵبژاردن لە کەرکووکیش بکرێت و ئەوەشمان پەسندکرد."
 
دەنگدان لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانى لێکەوتەوە. دوێنێ هەینی، 24-03-2023، بەشێک لە لایەنگرانی تشرینییەکانیش دەستیان بە گردبوونەوە کرد.
 
لەبارەی ناڕەزایەتیی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی  گوت: "هەڵبژاردنی پارێزگاکان پشت بە سیستمی سانت لیگۆ 1.7 دەبەستێت، ئەوەش ناڕەزایی چەند لایەنێکی لێکەوتووەتەوە.ناڕەزایی ئەوان لەسەر سیستمی سانت لتگۆیە نەک یاسای هەڵبژاردن. ئەو سیستمە لە یەک دەستپێدەکات تاوەکو ژمارەی تاکەکان بەردەوام دەبێت، ئەوەی لە کۆبوونەوەی رابردوو پەسەندکرا 1.7ە، ئەوەش ژمارەی کورسی بەرزدەکاتەوە، بۆیە ناڕازین و دەیانەوێت ببێتە 1.4 چونکە  1.4 ژمارەی کورسی کەمدەکاتەوە لەوانەیە بە 10 یان 7 هەزار دەنگ بتوانن سەربکەون و بە ئاسانتر کورسی بەدەستبهێنن. بەتایبەتی بۆ لیستەکان و سەربەخۆکان بەدەستهێنانی کورسی ئاسانتر دەبێت." 
 
شێروان دووبەردانی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی عێراق سیستەمی سانت لیگۆ پەسەندکرا. ئەوەی ماوەتەوە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت هەشت مادەیە کە حەوتی گرنگە بۆیە بڕیارە ئەمڕۆش کۆبوونەوە بکرێت و دەنگ بەو مادانەش بدرێت و ئیدی هەموو یاساکە پەسەنددەکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.