حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسایەکی نوێی حەشدی شەعبی رەوانەی پەرلەمان دەکات

25-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبیی پەسندکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25-02-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرا و رەوانەی پەرلەمانی کرا، بۆ پەسندکردنی.
 
پەرلەمانی عێراق، چەندین جار دەنگدان لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دواخستووە، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەکە ناکۆکن. 
 
ئەو ناکۆکییانەش لە دەوری دوو پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە کە هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خراوەتەڕوو، ئەوەی دیکەش بریتییە لە پرسی تەمەنی خانەنشینی تایبەت بە فەرماندەکانیان، دوای تەمەنی یاسایی خانەنشینیان تێپەڕیوە.
 
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014، دامەزرا. 
 
حەشد ژمارەیەک گرووپی چەکدارن و بە فەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، بەڵام بەشێکیان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و سەرۆکوەزیرانیش نابن، زۆرجار بە هۆکاری پشێویی نانەوە تۆمەتبار دەکرێن وەکو ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە پێشتر چەند جارێک هێرشیان کردووەتەسەر هێزە بیانییەکان بە تایبەتی لە هەولێر، بەغدا و ئەنبار.
 
لە ساڵی 2016، حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێندرا و لەپاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی، زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ژمارەی راستەقینەی هێزەکانیان دەشارنەوە.
 
بەپێی خشتەکانی بودجە بۆ ساڵی 2024، حەشدی شەعبی  238 هەزار و 75 ئەندامی هەیە. لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق، بودجەی حەشدی شەعبی بەراورد بە ساڵی پێشووتری 77 ملیار و 908 ملیۆن دیناری زیادی کردووە.
 
خەرجییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەنێو خشتەی خەرجییەکانی ساڵی 2024، "مووچەی کارمەندان، خزمەتگوزاری، شمەک، چاککردنەوە، بەخشین و یارمەتییەکان و شتی دیکە" لەخۆدەگرێت. 
 
لە بودجەی ساڵی 2024ـی حەشدی شەعبی، بەنزیکەی 400 ملیار دینار مووچەی کارمەندانی ئەو هێزە زیادیکردووە، بەڵام کڕینی چەکیان بە زیاتر لە 317 ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بەراوردی مووچە و خەرجییەکانی حەشدی شەعبی لەنێوان 2003 و 2024دا: 
 
کۆی بودجە: 
 
ساڵی 2023: چوار تریلیۆن و 478 ملیار و 703 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: چوار تریلیۆن و 556 ملیار و 611 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 77 ملیار و 908 ملیۆن دینار زیادیکردووە
 
مووچە:
 
ساڵی 2023: سێ تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: سێ تریلیۆن و 868 ملیار و 194 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 399 ملیار و 440 ملیۆن دینار زیادیکردووە
 
پڕچەککردن:
 
ساڵی 2023: 564 ملیار و 300 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 246 ملیار و 500 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 317 ملیار و 880 ملیۆن دینار کەمیکردووە
 
پێداویستیی شمەک:
 
ساڵی 2023: 108 ملیار و 148 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 95 ملیار و 732 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 12 ملیار و 416 ملیۆن دینار کەمیکردووە
 
- پێداویستیی خزمەتگوزاری: 
 
ساڵی 2023: 56 ملیار و 521 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 38 ملیار و 521 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 18 ملیار دینار کەمیکردووە
 
چاککردنەوە:
 
ساڵی 2023: 114 ملیار و 578 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 33 ملیار و 262 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 81 ملیار و 315 ملیۆن دینار کەمیکردووە
 
بەخشین و یارمەتی و سوود و خەرجییەکانی دیکە جگە لە قەرز:
 
ساڵی 2023: 22 ملیار و 33 ملیۆن دینار
ساڵی 2024: 22 ملیار و 33 ملیۆن دینار 
گۆڕانکاری: 0 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە