دوو سەرچاوەی باڵای حکومەتی عێراق: ماوەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان درێژ دەکرێتەوە

25-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرچاوەی باڵا لە حکومەتی عێراق بە رووداویان راگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای کردووە وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ساڵێک درێژ بکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوباتی 2025 سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراوێک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێک، کە داوایان لە وەزارەتی دەرەوەش کرد بۆچوونی خۆیان بڵێن."
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە باڵایەی وەزارەتی دەرەوە، "ئەو نووسراوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبەر رووداوەکانی سووریا و بوونی مەترسیی هێرشی داعشە لە سنوورەکانەوە و دەڵێن: پێویستمان بە ئەزموونی هێزەکانی هاوپەیمانانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، سەرجەم ئەو زانیارییانەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەرنەچووە، کشانەوەیان بەگوێرەی خشتەی رێککەوتن لەسەرکراو دەبێت."
 
رۆژی 17ی ئەم مانگەش باسم عەوادى، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو وادانەى لەنێوان عێراق و هاوپەیمانان رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، لە رێگەى لیژنەى باڵاى سەربازیى نێوانیان کارایە و تاوەکو ئێستا گۆڕانکاریى تێدا نەکراوە."
 
بەڵام لە 23ی کانوونی دووەمی 2025 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گوتی، "پێموابێت و ئەوە بڕوای منە، ئەوان لەوێ [لە عێراق] دەبن."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ساڵی 2011 کشانەوە، کە لە ساڵی 2003 بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هاتبوونە وڵاتەکە،  بەڵام جارێکی دیکە لە ئەیلوولی 2014، ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق گەڕانەوە. 
 
رۆژی 5-1-2020، دوو رۆژ دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە مووشەکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی کورد و سوننە و بە دەنگی تەنیا 168 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق دا.
 
رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دوو قۆناخ دەبێت، یەکێکیان ئەمساڵ 2024 دەستپێدەکات و، تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، قۆناخی دووەمیش ساڵی 2026 کۆتایی پێدێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە