وەزیرى بەرگریى عێراق: 130 سەربازى سوورى ئامادە نین بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان

25-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، 130 سەربازى سوپاى پێشووى سووریا لە عێراق ئامادە نین بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. دەشڵێت، پێویستە هێزەکانى ئەمریکا لە سووریا بمێننەوە.
 
سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، پێیان باشە هێزەکانى ئەمریکا لە سووریا بمێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەى سوپاى سووریا بونیات دەنرێتەوە یان رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دەکرێت.
 
بە گوتەی عەباسی، 130 سەربازى سوپاى پێشووى سووریا لە عێراق ماونەتەوە، ئامادە نین بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و لە شوێنێکى ئەمنیدان.
 
8ی کانوونى یەکەمى 2024 دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و زیاتر لە 2000 سەربازى ئەو وڵاتە پەنایان بۆ عێراق برد، 18ى کانوونى یەکەمى هەمان ساڵ، هەندێکیان گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
 
وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، ئەو هێزانەى بردوویانەتە سەر سنوورى سووریا نایکشێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنى سوورى سنوورەکەى دەپارێزێت.
 
سابت عەباسی باسی لەوەش کرد، "ئەو رێوشوێنە بۆ ناردنى هێز بۆ سەر سنوور بۆ لەبەرچاوگرتنى بۆشایی ئەمنى بووە، نەوەک هەسەدە یان هێزەکانى ئەمریکا بکشێنەوە."
 
وەزیری بەرگریی عێراق کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستان، کە لە ژێر دەسەڵاتى هەسەدەیە، بە "جێگەى دوودڵی" بۆ عێراق دەزانێت.
 
لەدواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، حکومەتێک بۆ قۆناخى راگوزەر لە سووریا پێکهێندرا.
 
وەزیرى بەرگریى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوە دا، تاوەکو ئێستا پەیوەندى لەنێوان وەزارەتەکەی و هاوتا سوورییەکەیدا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە