وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەی تایبەت بۆ چاودێریی نرخی بازاڕ لە رەمەزان پێکدەهێنێت

25-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، پلانی ئەمنیی تۆکمەیان بۆ پێشوازی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز داناوە. گوتەبێژی هاتووچۆی عێراقیش دەڵێت، کار بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی شەقامەکانی بەغدا دەکەن.
 
سێشەممە 25ی شوباتی 2025 عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەقید حەیدەر شاکر، گوتەبێژی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، "پلانی ئەمنیی تۆکمەمان بۆ پێشوازی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز داناوە و لە سەرانسەری وڵاتدا هێزە ئەمنییەکان بڵاوە پێدەکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی، "لیژنەی تایبەت چاودێریی نرخ و بازاڕ دەکەن، هەوڵدەدەین کۆنترۆڵی جێگیریی نرخەکان بکەین."
 
بە گوتەی عەمید میقداد میری، 40 هەزار نەمام لەسەر سنووری وڵات چێندراون، هەموو کارێکیش بۆ پاراستنی ژینگە دەکەن، 20 کارگەش داخراون کە پێچەوانەی رێنوێنیی ژینگە کاریان دەکرد.
 
لەبارەی دەستگیرکردنی تاوانبارانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "دەستمان بەسەر چەندین چەک و مادەی هۆشبەردا گرتووە و 230 تاوانبارمان دەستگیر کردووە کە بازرگانییان بە مرۆڤ کردووە."
 
هاوکات عەقید حەیدەر شاکر، گوتەبێژی هاتووچۆی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "مامەڵەی گواستنەوە و بەناوکردنی ئۆتۆمبێلمان ئاسان کردووە  و توانیومانە تۆمارکردنی مامەڵەکان خێراتر بکەین. وەزیری ناوخۆ رێنوێنی کردووین هاوکاریی کەسوکاری شەهیدان بکەین."
 
عەقید حەیدەر شاکر راشیگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانیان سەبارەت بە سەرپێچیی شۆفێران دەستپێکردووە و ماتۆڕسکیلەکان تۆمار دەکەن، هەروەها کار دەکەن بۆئەوەی قەرەباڵخیی شەقامەکانی بەغدا نەهێڵن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ساڵی رابردوو 4948 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. کە بەراورد بە 2023 بە رێژەی 30% کەمیکردووە. پار 873 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە؛ کە بەراورد بە 2023 رێژەکە 37% کەمی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە