رووداو دیجیتاڵ
بە پاساوى رێگرى لە پەتاى تەبەق کە لە هەندێک پارێزگاى عێراق بڵاوبووتەوە، سەرجەم مەیدانەکانى ئاژەڵان تاوەکو کاتێکى نادیار داخران. هەروەها گواستنەوەى مەڕوماڵات لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشووریش مەرجدار کرا.
ئەو بڕیارە رۆژی 24-2-2025 لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقەوە دەرکراوە.
ئەو مەڕوماڵاتانە لە هەرێمى کوردستانەوە دەبرێنە ناوەڕاست و باشوورى عێراق پێویستە بە یەکێک لە پارێزگاکانى دیالە، نەینەوا، سەلاحەددین، یان کەرکووک ببرێن.
ئەحمەد محەممەد حوسێن، بریکارى سەرۆکى هۆبەى خزمەتگوزاریی سامانى ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو مەڕوماڵاتانەى لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە دەبرێنە کەرکووک بۆ ئەوەى ببرێنە شارەکانى ناوەڕاست و باشوور، دەبێت پشکنینیان بۆ بکرێت، هەرکات لە کەرکووکەوە رێگەیان پێدرا لە پارێزگاکانى دیکە پشکنینیان بۆ ناکرێتەوە."
بە گوێرەى بڕیارەکە، بۆ رێگرى لە بڵابوونەوەى نەخۆشیی تەبەق، گواستنەوەى؛ بزن، مەڕ، مانگا و گامێش لە 5 پارێزگاى عێراق کە ئەو نەخۆشییەى تێیاندا بڵاوبووەتەوە، تاوەکو کاتێکى نادیار قەدەخە دەکرێت.
هاشم محەممەد، بەڕێوەبەرى هۆبەى خزمەتگوزاریی سامانى ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەر ئاژەڵێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە بکرێت، لەلایەن ڤێرتەرنەریی ئەو شارەى دەروازەکەى لێیە، پشکنینی بۆ دەکرێت، کە دەبێت 21 رۆژ چاوەڕێ بکرێت بۆ ئەنجامى پشکنینەکە، بەرلەوەى رێگەى پێبدرێت بچێتە سنوورى شارەکانەوە.
بەغدا، بابل، دیالە، نەجەف و واست ئەو پارێزگایانەن کە گواستنەوەى مەڕوماڵاتیان لێوە قەدەخە کراوە بۆ پارێزگاکانى دیکە، هەروەها مەرجى پشکنین دانراوە بۆ گواستنەوەى ئەو مەڕوماڵاتانە لەنێوان ئەو پارێزگایانەى دیکە، کە نەخۆشیی تەبەق تێیاندا بڵاونەبووەتەوە.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، داخستنى سەرجەم مەیدانى ئاژەڵانە تاوەکو کاتێکى نادیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ