رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو 28 دۆسیەی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤیان لە پارێزگاکە تۆمارکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش بێکاری بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی تاوانەکان دەزانێت و دەڵێت، رێژەی بێکاری نزیکەی 60٪ـە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی رابردوو لە پارێزگای بەسرە 28 دۆسیەی بازرگانیکردنمان بە جەستەی مرۆڤ تۆمارکرد. جگە لەوە چەندین دۆسیەی دیکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان."
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە پێیوایە ئەو ژمارەیە "مەترسیدارە" و ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات.
مەهدی تەمیمی دەڵێت: "تاوانباران هەوڵدەدەن شێواز و ئامرازەکانی ئەو کارە قێزەونەیان بگۆڕن، چونکە تاوانی بارزگانیی بە مرۆڤ تەنیا فرۆشتنی بەشێک لە جەستەی مرۆڤ نییە، بەڵکو ئێستا ئەو تاوانبارانە لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە نێو وڵاتە هەژارەکاندا مرۆڤ دەهێنن و لێرە دەیانفرۆشن و سواڵکردن و چەندین کاری قێزەونیان پێدەکەن."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە لیژنەی تایبەتمەند پێکهێنراوە، کە ئەوان بەشێکن لەو لیژنەیە و چاودێری سەنتەرەکانی فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە و نەخۆشخانەکان دەکەن، بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو کارە.
جەعفەر حەجاج، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە پێیوایە بێکاری هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی تاوانەکانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە رووداوی گوت: "لە ئەنجامی سەرژمێرییدا بۆمان دەرکەوت رێژەی گەنجان لە بەسرەدا بەرزە، بەگوێرەی ئامارەکانی بەردەستمان رێژەی بێکاری گەیشتووەتە نزیکەی 60٪. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە زۆرینەی رەهای گەنجانمان بێکارن."
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێری دانیشتووان، 59.48٪ـی دانیشتووانی پارێزگای بەسرە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 64 ساڵیدایە.
جەعفەر حەجاج گوتی: "سەرەڕای بوونی دەیان کارگەی هەمەکار و پاڵاوگەی نەوتی، بەڵام دەوڵەت کارێکی نەکردووە کە هەلی کاری پێویست بۆ گەنجانی بەسرە دابین بکات، زۆرینەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانمان بێکارن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ