شەختە، خوێندن لە شەش پارێزگاى عێراق رادەگرێت

شەقامێک کە بەهۆی سەرما بەستوویەتی
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆى شەختە، خوێندن لە شەش پارێزگاى عێراق رادەگیرێت، بەگوێرەى پێشبینیی کەشناسیی عێراق، چوارشەممە لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان و 5 پارێزگاى عێراق، پلەى گەرما دەگاتە ژێر سفر. 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 25ـی شوباتى 2025) لە هەریەک لە پارێزگاکانى بابل، دیوانییە، موسەننا، نەینەوا، دیالە و سەلاحەددین بەهۆى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما و دروستبوونى شەختە، لە قوتابخانەکان کرایە پشوو. پارێزگاى میسانیش بڕیاری دا دەوامى قوتابخانەکان دواى کاژێر 09:00ـی بەیانى دەستپێبکات. 
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو تەوژمە سەرمایە لە رۆژهەڵاتى ئەورووپاوە هەڵیکردووە، دەبێتە هۆى شەختە و سەرماى زۆر." 
 
بەگوێرەى پێشبینیی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، سبەیش ئەو تەوژمە سەرمایە لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت. 
 
عامر جابرى رایگەیاند، لە 8 پارێزگاى عێراق و هەرێمى کوردستان پلەى گەرما لەژێر سفرەوە دەبێت.
 
پێشبینیی دەستەکەى عێراق وایە؛ پلەى گەرما لە پارێزگاکانى سلێمانى، دهۆک و هەولێر لەژێر سفرەوە دەبێت، لە کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، بەغدا و دیالەش بەهەمان شێوە دەبێت.
 
بەگوتەى بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق؛ ئەو تەوژمە سەرمایە لە 27ـی شوباتەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و پلەى گەرما بەرزدەبێتەوە.