دادگەی فیدراڵی تاوتوێی بڕیاری راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و قەدەخەکردنی ماڵپەڕە سێکسییەکان دادەنیشێت.
 
بەگوێرەی بەرنامەی کارەکەی، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر چوار بابەت کۆدەبێتەوە. یەکێکیان تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تێیدا سکاڵاکاران داوا دەکەن، یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ژمارە 22ی ساڵی 2008ی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، لەوانەش ئەو مادانەی کە پەیوەندییان بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە هەیە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2016وە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانی راگرتووە.
 
دوایین کۆبوونەوەی دادگە لەسەر ئەو بابەتە لە 21ی کانوونی دووەمی 2024 بوو. سکاڵاکارانی ئەو بابەتە نۆ کەسن، کە بریتین لە ئەژی بەرزان، محەممەد حوسێن، خەبات لەتیف، نەجمەدەین محەممەد، دلاوەر عەلی، ئاوات ئازاد، دڵشاد محەممەد ئەمین، سامان عەلی و رێبوار باهیر.
 
بابەتێکی دیکە کە ئەمڕۆ دادگە گەنگەشەی دەکات، سکاڵایەکی باسم خەشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەبارەی داخستنی ماڵپەڕە سێکسییەکان. دوایین دانیشتنی دادگاکە لەسەر ئەو بابەتە لە 28ی کانوونی دووەمی 2024 بوو.
 
14ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى فیدراڵیى عێراق بڵاویکردەوە، بڕیارێکى کاتى دەرکردووە بۆ سنووردارکردنی ماڵپەرە سێکسییەکان لە عێراق تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵایەک لەو بارەیەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە پێشکێش بە دادگەکە کراوە.
 
بەگوێرەى بڕیارەکە، وەزیرى پەیوەندییەکان و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە لە هەموو عێراق.
 
14ى کانوونى یەکەمى 2023، باسم خەشان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارى راگرتنەکە کاتییە تاوەکو یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە. داوام کردووە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە رێکبخرێتەوە. ئامانج لە سکاڵاکە رێکخستنە نەوەک قەدەخەکردنى تەواوى هەموو ماڵپەڕە سێکسییەکان."
 
باسم خەشان گوتى، "لە زۆربەى وڵاتاندا بەکارهێنانى ئەو ماڵپەڕانە بەگوێرەى تەمەنى بەکارهێنەران رێکخراوە، بەڵام لە عێراق ئەو پۆلێنە نییە و هاووڵاتی لە هەر تەمەنێک بێت دەتوانێت بیانکاتەوە."