پۆلیسی دیالە: لەسەر هێرشەکەی ئەلبوبالی 5 کەس دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی پارێزگای دیالە دەڵێت، لەسەر هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ناوچەی ئەلبوبالی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 14 تۆمەتبار دەرکراوە و پێنج کەسیان دەستگیرکراون.  
 
عەمید نیهاد مەهداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دیالە رۆژی شەممە، 25-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ناوچەی ئەلبوبالی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 14 کەس دەرکراوە و 5یان دەستگیرکراون. گەڕان بەدوای 9 داواکراوەکەی دیکە بەردەوامە".
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 20-02-2023، لە ناوچەی ئەلبوبالیی سەر بە ناحیەی سەلام لە قەزای خاڵسی پارێزگای دیالە "لە هێرشێکدا حەوت کەس کوژران کە دوو ژن و پێنج پیاو بوون و سێی دیکەش برینداربوون." 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی: "هۆکاری ئەو هێرشە، ناکۆکیی هۆزایەتی بووە لەنێوان هۆزەکانی دلێم و عەززە و دواتر گەورە بووە و پێکدادانی چەکداری لێکەوتووەتەوە. هێرشەکە پەیوەندی بەو هێرشەوە هەبوو کە لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لەو ناوچەیە روویدا، واتە ئەمە پەرچەکرداری رووداوەکەی رابردوو بووە." 
 
رۆژی 19-12-2022 لە هێرشێکدا لە ناوچەی ئەلبوبالی هەشت کەسی خەڵکی گوندی ئەلبوبالی کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون. ئەوان سەرجەمیان شیعە بوون و لە هۆزی دلێم بوون.
 
لیوا تەحیسن خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رۆژی 20-12-2022 رایگەیاند: "زنجیرەیەک رێکاری گرنگ و خۆپارێزی گیرانەبەر. سزای ئەو کەسانە دەدەین کە ئەو کارەیان کردووە." 
 
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 21-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوە ئەمنییەکانی ناوچەی ئەلبوبالی بکەن.