رووداو دیجیتاڵ
مستەفا کازمی. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە سەرۆک ئەرکانی سوپا کردووە، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازیی لە وەزارەتی بەرگریی لە پۆستەکەی بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە، ئەوەش بە لێکەوتەی رووداوەکانی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا دێت، کە تێیدا گەمارۆی باڵەخانەی دادگەی کەرخ درا و موقتەدا سەدریش تویتی لەسەر کرد و گوتی گوشاری حیزبی و مەزهەبی دەخرێتە سەر دادگە. دوای ئەویش قەیس خەزعەلی گوتی: "خەڵک بەبێ فەرمان دەستگیر دەکرێت".
بەپێی نووسراوێک، کە واژۆی فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی لەسەرە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی فائیز ئەحمەد مەعموری لە پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی سوپا، لیوا روکن زەید حوشی خەڵەف وادی، کە جێگری مەعمووری بووە، لە شوێنی ئەو دەستبەکاربووە.
دوای ئەو بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 24ی شوبات 2022، هێزێکی سەربازی باڵەخانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی دووەمی کەرخیان لە بەغدا گەمارۆدا.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، رووداوەکە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە بەتۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوە، کەسێک دەستگیرکراوە، ئەو کەسە یەکێکە لە ئەندامانی حەشدی شەعبی.
عەسائیبی ئەهلی حەق، هەر یەک لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف، بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبار دەکەن بە ئەشکەنجەدانی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناکۆکیی لەنێوان دادگە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ دروستبووە و یەکێکیان ئەوی دیکە بەدەستوەردانی سیاسی و کەمتەرخەمی لە پرسی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی، تۆمەتباردەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 24ـی شوباتی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر تویتێکی لەبارەی گوشارەکانی سەر دادگەکان لە عێراق کرد و رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییە وردانەی دەستم کەوتوون، گوشاری حیزبی و مەزهەبی لەسەر دادگەی عێراقی هەیە لە بارەی هەندێک لە دۆسیەکانی گەندەڵی و دۆسیەی هەندێک لە تۆمەتباران بە تووندوتیژی، کردنە ئامانجی شکۆی دەوڵەت، دامەزراوە تایبەت و گرنگەکانی."
دوای ئەوەش، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهل حەق لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەوەی لە سەردەمی حکومەتی ئێستا روودەدات لە رێوشوێنی پۆلیسی و دەستگیرکردن بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی بێزراوی هەندێک کەس لە دەزگا ئەمنییەکان لەدژی دەستگیرکراوان دەیکەن، بەشێوەیەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی یاسا و مرۆڤایەتی و رەوشتە".
هەروەها دەڵێت: "وەرگرتنی دانپێدانان بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجە و راگرتنی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بۆ دەیان رۆژ، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت یان قسەکانیان وەربگیرێت و لە گرتووخانەی تایبەت زیندانیی کراون".
ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق زیاتربووە و یەکدی بە دەستوەردان و تێکەڵکردنی پرسەکان و بەکارهێنانی دادگە و هێزە سەربازییەکان تۆمەتبار دەکەن و بەشێکیشیان بەرامبەرەکانیان بە دەست هەبوون لە هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی و فڕۆکەخانەی بەغدا و چەندین دامەزراوەی دیکە تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ