رووداو دیجیتاڵ
حەوت وەزیری عێراق و پێنج وەزیری هەرێمی کوردستان تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینبوون، بەڵام خانەنشین ناکرێن. دوو لەوان وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانن.
وەزیرەکانی عیراق بریتین لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری کە ساڵی 1963 لەدایکبووە؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە کە ساڵی 1949 لەدایکبووە؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی کە ساڵی 1963 لەدایکبووە؛ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کە ساڵی 1958 لەدایکبووە؛ عون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو کە ساڵی 1946 لەدایکبووە؛ ئەحمەد فکاک، وەزیری رۆشنبیری کە ساڵی 1961 لەدایکبووە؛ ساڵح مەهدی، وەزیری تەندروستی کە ساڵی 1960 لەدایکبووە.
پێنج وەزیرەکەی هەرێمی کوردستانیش بریتین لە فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد کە ساڵی 1946 لەدایکبووە؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کە ساڵی 1956 لەدایکبووە؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی کە ساڵی 1958 لەدایکبووە؛ کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە ساڵی 1965 لەدایکبووە و محەممەد سەعید، وەزیری رۆشنبیری کە ساڵی 1962 لەدایکبووە.
بەگوێرەی مادەی 37 لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، وەزیرەکان و کۆمەڵێک پۆستی دیکە هەمان مامەڵەی فەرمانبەریان لەگەڵ دەکرێت کە تەمەنیان گەیشتە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون، ئیدی دەبێت خانەنشین بکرێن.
بەڵام عەبدولقادر ساڵح، راوێژکاری یاسایی بە رووداوی گوت: "ساڵی 2015 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو مادەیەی هەڵوەشاندەوە و ئیدی کارپێکردنی راگیرا. لە ساڵی 2019یشدا وەزارەتی دارایی عێراق بریارێکی دەرکرد و ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی کرد و دەڵێت، پۆستی وەزیر پۆستێکی سیاسییە و ناکرێت وەک فەرمانبەر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا بۆ ماوەیەکی کاتی متمانەی پێدراوە؛ هەربۆیە هەر کەسێک وەزیر بێت، مەرجەکانی یاسای خانەنشینی نایگرێتەوە."
عەبدوڵقادر ساڵح لەبارەی ئەو کەسانەی پلەکانیان وەزیرە بەڵام لە پۆستەکە نەماوەن ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر کەسێک پلەکەی وەزیر بێت، ئەو کاتە مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە خانەنشینی دەیگرێتەوە. بۆ نموونە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پلەکەی وەزیرە، بەڵام خۆی وەزیر نییە؛ هەربۆیە پێی دەوترێت پارێزگاری بانکی ناوەندی نەوەک وەزیری بانکی ناوەندی؛ هەربۆیە عەلی عەللاق کە پارێزگاری بانکی ناوەندییە و لەدایکبووی 1945ـە، دەبێت بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی خانەنشینبکرێت".
لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، هەر وەزیرێک کە پێشتر پۆستێکی دیکەی کارگێڕی هەبووبێت، ئەگەر تەمەنی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، ئەوا لەو پۆستەی خانەنشین دەکرێت واتە دوای تەواوبوونی ماوەی کاری وەزیرییەکەی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەرکی پێشووی.
هەربۆیە بە گوێرەی ئەو بڕیارە، هەر کەس وەزیر بێت، ئەگەر تەمەنی یاسایی خانەنشینیشی تێپەڕکردبێت خانەنشین ناکرێت، بەڵام پلەکانی خوار وەزیر خانەنشین دەکرێن کە پارێزگاری پارێزگاکانیش دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ